به‌ڤیدیۆ.. له عه‌فرین شه‌ڕ له‌نێوان سوپای توركیا و هه‌سه‌ده روویدا
هه‌سه‌ده: هێرشێكی سوپای توركیامان تێك‌شكاند و 4 سه‌ربازیشمان كوشت
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هه‌سه‌ده كه له‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆیان بڵاوكرده‌وه، رایانگه‌یاند، هێزه‌كانی سوپای توركیا هه‌وڵیدا له سنووری عه‌فرین هێرش بكات و له ده‌روازه‌یه‌كی نزیك گوندی بالیه له ناحیه‌ی بولبوله سنوور ببه‌زێنێت، به‌ڵام هێزه‌كانی یه‌په‌گه رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و ناچاری كردن بكشێنه‌وه. به‌یاننامه‌كه جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌و شه‌ڕه‌دا 4 سه‌ربازی توركیا له‌نێوان گونده‌كانی حه‌زوان و زیوان كوژراون.
به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌سه‌ده له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی له كه‌رتی عه‌فرین بڵاویكرده‌وه، سوپای توركیا كه له شه‌وی رابردووه‌وه ده‌ستی به بۆردومانكردنی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین كردووه، هه‌وڵیدا له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك پێشڕه‌وی بكه‌ن، كه پێشتر بۆ هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین كردبوویانه‌وه و، له‌و هێرشه‌دا زریپۆشێكی سه‌ربازی ویستی بێته ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌وه كرایه ئامانج و تێكشكێندرا.
هه‌ر به‌گوێره‌ی سایتی فه‌رمی هه‌سه‌ده، سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی رایگه‌یاندووه، هێزه‌كانی توركیا به‌نیازبوون له گوندی حه‌زوان هێرش بكه‌نه سه‌ر گوندی زیوان كه هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ی لێیه، به‌ڵام یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ناوچه‌ی شه‌هبا رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و 4 سه‌ربازی توركیان كوشت و 5ی دیكه‌ش بریندار بوون.
له‌كاتێكدا تائێستا سوپای توركیا هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌مباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندووه.