توركیا وەڵامی كۆشكی سپی دەداتەوە
"ترەمپ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین وای نەگوتووە"
K24 - ھەولێر
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی بەدرۆ دەخاتەوە و رەتیدەكاتەوە ترەمپ لە بارەی عەفرین نیگەرانی گەیاندبێتە ئەردۆغان.
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایاگەیاند، ترەمپ لە بارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین ھیچ نیگەرانییەكی دەرنەبڕیووە، بەڵكو تەنیا داوای كردووە سەربازانی توركیا و ئەمریكا لە منبج بەریەك نەكەون.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان، لە 24/1/2018، دەربارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر عەفرین، لە راگەیەندراوێكدا كۆشكی سپی رایگەیاند: "ترهمپ نیگهرانی خۆی له ئۆپهراسیۆنهكهی عهفرین نیشانداوه و داوای له ئهردۆغان كردووه، سنوورێك بۆ توندوتیژییهكان و به ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل له عفرین دابنێت و كرده سهربازییهكانیشی سنووردار بكات".
پاش راگەیەندراوی كۆشكی سپی، سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رەتیدەكاتەوە ترەمپ نیگەرانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین دەربڕیبێت، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەردۆغان داواشی لە ترەمپ كردووە، لە رووی سەربازییەوە ئەمریكا ھاوكاری ھێزەكانی یەپەگە نەكات.