پێنتاگۆن: پێويسته‌ توركيا بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر نه‌كات

هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين كاريگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر شه‌ڕى داعش ده‌بێت

K24 – هه‌ولێر:

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا (پێنتاگۆن) رايگه‌ياند، داوامان له‌ توركيا كردووه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر نه‌كات.

ئه‌و وته‌بێژه‌ گوتيشى: ئامانجى ئێمه‌ له‌ناوبردنى داعشه‌ و پێشمان وايه‌ هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين كاريگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر شه‌ڕى داعش ده‌بێت.

هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر شارى عفرين له‌ رۆژئاواى كوردستان پێى ناوه‌ته‌ شه‌شه‌م رۆژييه‌وه‌ و تا ئێستا هيچ ناوچه‌يه‌كى سنووره‌كه‌ له‌ لايه‌ن سوپاى توركياوه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا نه‌گيراوه‌ و سه‌رۆكى توركياش ئاشكرايكردووه‌، تا ئێستا 8 سه‌ربازى توركيا كوژراوون.

ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.

ئۆپراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6231cf72-7b18-46df-b2ec-2550759212a5/PNTAGON.ism/manifest