ئەشكەوتەكان بوونەتە پەناگەی خەڵكی عەفرین
"تا دارێك زەیتون مابێ عەفرین جێناھێڵین"
K24 - عەفرین
بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانەكانی سوپای توركیا بۆسەر گوند و شارۆچكەكانی سنووری عەفرین، زۆر لە گوندەكانی سەرسنوور چۆڵكراون و خەڵكەكەی لە ئەشكەوتەكان ژیان بەسەر دەبەن، وەك خۆشیان ئاماژەی بۆ دەكەن، ھەندێك لە گوندەكانیان بە تەواوی خاپوور كراون.
ھەرچەندە ئەوان لە دۆخێكی زۆرخراپدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام ھێشتا بە ئیرادەوە باس لەوە دەكەن كە عەفرین جێناھێڵن، لەكاتی چوونی تیمی كوردستان24 بۆ یەكێك لە ئەشكەوتەكان پیاوێك كە خۆیی و خێزانەكەی لەوێ دەژیان، بە ئومێدەوە گوتی: "تا یەك داری زەیتون بمێنێ ئێمەش لێرە دەمێنینن و بەرگری دەكەین، چونكە عەفرین و ھەموو گوندەكانی خاكی خۆمانەوە و لە كەسمان داگیر نەكردووە".
خەڵكی عەفرین باس لەوە دەكەن كە نازانن بۆچی شار و گوندەكانیان وێران دەكرێت، ئەوان ھیچ تاوانێكیان نەكردووە، بە نیگەرانیەوە باس لە بێدەنگی جیھان و بەتایبەتی وڵاتە زلھێزەكان دەكەن، لە ئاست ئەو پێشێلكاریانەی رۆژانە دەرھەق بە خەڵكی سڤیلی عەفرین دەكرێت.
دایكە خەدیجە، یەكێكە لەو ژنانەی كە گوندەكەیان سوتاوە و ئەشكەوت بووەتە تاكە پەناگەی ئەوان، ئەو بە كوردستان24 گوت: "ماڵیان سوتاندین و گوندەكەمان بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا بە تەواوی وێران بووە، نازانین بۆ كەس لەسەرمان نایتە دەنگ، بۆچی ئەو ھەموو زوڵمە دەرھەقی ئێمە دەكرێت، خودا ئەوە قبوڵ نەكات و ھەقمان بكاتەوە".
لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سهر عەفرين، له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زهيتون" و به بۆردوومانكردنی شارهكه له لايهن فڕۆكه جهنگييهكانى توركياوه به فەرمی دهستيپێكرد.
ئۆپەراسيۆنهكه وێڕاى بهشدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانهكانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئهو وڵاته، به ياوهرى دهيان ههزار له چهكداره ميليشياييهكانى "سوپاى سوورياى ئازاد" بهڕێوهدهچێت.