كوردستان24 وێرانكارییەكانی عه‌فرین ده‌گوازێته‌وه
"نەك ھەر ماڵەكانمان بەڵكو مزگەوت و قوتابخانەكانیش وێران كراون"
K24 - عەفرین
نێردراوی كوردستان24، بۆ عه‌فرین ئه‌كره‌م ساڵح چووه، نێو گوندی جه‌له‌مێ له ده‌وروبه‌ری عه‌فرین كه به‌شی زۆری خانووه‌كانیان به هۆی تۆپبارانی سوپای توركیاوه وێرانكراون. هاوكات هاووڵاتیانی ئه‌و گونده ده‌ڵێن "ته‌نیا ماڵه‌كانیان وێران نه‌كراوه، به‌ڵكو مزگه‌وت و قوتابخانه‌كانیش خاپووركراون". ئه‌گه‌رچی ته‌نیا خه‌ڵكی سڤیل له‌و گونده‌دا ده‌ژین، بەڵام بۆردوومان و تۆپباران بۆسەر گوندەكە بەردەوامە.
ھاووڵاتیەكی گوندی جه‌له‌مێ لەبارەی بۆردوومانكردنی گوندەكەیان بە كوردستان24 گوت: "سوپای توركیا بۆردوومانی ھەڕەمەكی ناوچەكانی عەفرین دەكات، ئێستا لە گوندەكەمان ھیچ ھێزێكی سەربازی نییە، كەچی بۆردوومانی نێو گوندەكە دەكات".
شارۆچكەی جندرێس یەكێكی دیكەیە لەو ناوچانەی كە چەندین جار بۆردوومان و تۆپباران كراوە، ھاووڵاتیەكی دانیشتووی ئەو شارۆچكەیە بە كوردستان24 راگەیاند: "فڕۆكەكانی توركیا ئەو ناوچانە بۆردوومان دەكەن، كە ھیچ بنكە و بارەگای سەربازی تێدا نییە، بەڵكو ھاووڵاتی سڤیل لەو شوێنانە نیشتەجێن".
لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" و به بۆردوومانكردنی شاره‌كه له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه به فەرمی ده‌ستيپێكرد.
ئۆپەراسيۆنه‌كه وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته، به ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له چه‌كداره ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.