شه‌ڕی عه‌فرین سه‌ختتر ده‌بێت و ژماره‌ی شه‌هید و برینداره‌كانیش روو له زیادبوونه
به‌هۆی سه‌ختی بۆردومانه‌كان خه‌ڵكی په‌نا بۆ ئه‌شكه‌فت و ژێرزه‌مینه‌كان ده‌به‌ن و پێداویستی ژیانیش به‌ره‌و كه‌مبوونه
K24- هه‌ولێر:
نێردراوی كوردستان 24 له عه‌فرین رایگه‌یاند، له‌دوێنێوه سوپای توركیا بۆردومان و تۆپبارانه‌كانی بۆ سه‌ر سنووری عه‌فرین چڕتر كردۆته‌وه و گوتی، له‌ماوه‌ی 21 رۆژی رابردوودا یه‌كه‌م جاره بۆردومانه‌كان به‌مشێوه‌یه له سه‌نته‌ری شاره‌كه نزیك ده‌بنه‌وه و، چه‌ند پێگه‌یه‌كی ناوه‌ندی عه‌فرینیان كردۆته ئامانج.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، له دوا بۆردومانه‌كاندا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون. وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، شه‌ڕێكی سه‌خت له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به شاری عه‌فرین له‌نێوان هێزه‌كانی سوپای توركیا و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه به‌رده‌وامه.
نێردراوی كوردستان 24 گوتیشی، ئه‌مڕۆ توندترین بۆردومان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی جندرێس، بلبل، راجۆ و گونده‌كانی سه‌ر به‌و ناوچانه له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه ئه‌نجامدراوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و بۆردومانه‌كان ئاماری قوربانیان له ریزه‌كانی سڤیل نازاندرێت، به‌ڵام به به‌رده‌وامی ژماره‌ی شه‌هید و برینداره‌كان له زیادبووندایه و زۆربه‌یان ده‌گوازرێنه‌وه نه‌خۆشخانه‌ی گشتی عه‌فرین.
هه‌روه‌ها گوتی، به‌هۆی بۆردومانه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر گوند و گه‌ڕه‌كه‌كان، خه‌ڵكی ناتوانن له ئاواییه‌كان بێنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام له ماڵه‌كانیان ده‌رده‌چن و په‌نا بۆ ئه‌شكه‌فت و ژێرزه‌مینه‌كان ده‌به‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی گه‌مارۆدانیان مه‌ترسی نه‌مانی پێداویستی ژیانیش هه‌ره‌شه له خه‌ڵكه‌كه ده‌كات.
سه‌باره‌ت به پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای توركیا و گروپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانیش كه به "سوپای سووریا ئازاد" ناسراون و له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێن، نێردراوی كوردستان 24 له زاری به‌رپرسانی یه‌په‌گه‌وه رایگه‌یاند، تائێستا هیچ پێشڕه‌وییه‌ك له‌لایه‌ن هێزی هێرشبه‌ره‌وه نه‌كراوه و، هه‌رچه‌نده سوپای توركیا هه‌وڵی زۆر ده‌دات له ناوچه‌ی بلبل پێشڕه‌وی بكات، به‌ڵام له هه‌ر هه‌نگاوێكدا له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه رووبه‌ڕووی هێرشی پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه و، تائێستا نه‌یانتوانیوه هیچ پێشڕه‌وییه‌ك بكه‌ن.
ماوه‌ی 21 رۆژه سوپای توركیا و گروپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان كردووه، به‌ڵام به‌هۆی به‌رگری یه‌په‌گه، هیچ پێشڕهویهكیان نه‌كردووه. دوێنێش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رۆك كۆماری توركیا جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی تائه‌مڕۆ كردوویانه، ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كه و هێشتا ده‌ستیان به جووڵه‌ی گه‌وره نه‌كردووه.