نوێنهرانی كورد له شهڕی یاسایی بودجهدا ههوڵی راكێشانی سووننه دهدهن
"سووننهكان له عهبادی ههڵدهگهڕێنهوه"
K24 - ههولێر:
پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا زانیارییان پێگەیشتووە كە بەشێكی زۆر لە سووننەكان لە پەسهندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق پەشیمان بوونەتەوە.
فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەیانەوێ لە ساتی گەیشتنیان بە بەغدا لەگەڵ سووننەكان كۆببنەوە و رازیان بكەن بە بایكۆت یان دەنگ نەدان بە پرۆژە یاساكە، لەكاتێكدا وابڕیارە سبەی یەكشەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت, كە ئەگەری زۆر ھەیە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساكە بكرێت.
فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق، دەستیان خستوەتە دەستی یەكتر تا ئەمجارەش رێگری لە پەسندكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی 2018 عێراق بكەن، زانیارییان پێگەیشتووە زۆرینەی سووننەكان لە پەسندكردنی پرۆژە یاساكە پەشیمان بوونەتەوە، لەكاتێكدا بەشداری كۆبوونەوەكەی رابردوویان كردبوو، ئەمەش كارتێكی دیكەیە تا كورد بۆ رێگریكردن لە پەسندكردنی پرۆژە یاساكە بةكارى بێنێت...
ھەفتەی رابردوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، ھەوڵێكی سوونە و شیعەكانیان بۆ پەسنكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی 2018 عێراق شكست پێھێنا، ئێستا دۆخەكە بۆ كورد لەبارترە چونكە جگە لە پەشیمانبوونەوەی بەشێكی سووننەكان ، ئەو پارێزگا شیعەنشینانەش كە ناوچەیەكی لەبارن بۆ بەرھەمھێنانی نەوت، گلەییان لە پرۆژە یاساكە ھەیە، بۆیە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەھەوڵدان لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا لەگەڵ سووننەكان و نوێنەری پارێزگا شیعەنشینەكان كۆببنەوە و بە بیانھێننە ریزی خۆیان.
رۆژی یەكشەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە بەرنامەی كار بۆ پەرلەمانتاران نەنێردراوە، فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش دەڵێن: گەر بەرنامەی كاری كۆبوونەوە باسكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی تێدا نەبوو، ئەوان بێ كێشە دەچنە ھۆڵی كۆبوونەوە، گەر خراشە بەرنامەی كارەوە جگە لە بایكۆت جارێكی دیكە ڕێگری لە پەسندكردنی پرۆژە یاساكە دەكەن.