بەسێ ھۆزات: رووسیا و ئەمریکا بەشدارن لەو تاوانانەی دژی عەفرین ئەنجامدەدرێن
"هێرشی سەر عەفرین بەردەوامیی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە"
K24 - ھەولێر
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت، رووسیا و ئەمریکا و رژێمی ئەسەد، بەشدارن لەو تاوانانەی دژی عەفرین ئەنجامدەدرێن.
لە ھەڤپەیڤینێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوزی نزیك لە پەكەكە، بەسێ ھۆزات رایگەیاند: "هێرشی سەر عەفرین بەردەوامیی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە، حکومەتی توركیا سیاسەتی کوشتاری لە دژی گەلی کورد گرتەبەر و ئەوەش تایبەت نەبوو بە تەنیا باکووری کوردستان، ئەمڕۆ هەر لە بەردەوامی ئەو سیاسەتانەدا هێرشی کردووەتە سەر عەفرین هەر بەو مەبەستە، پێشتریش هێرشیان بۆ سەر باشووری کوردستان، دەیانەوێت لە هەر شوێنێك دەستکەوتێکی گەلی کورد هەبێت لە ناوی ببەن".
دەشڵێت: "ماوەی پێنج شەش ساڵە لە رێگای نوسرە و داعشەوە هێرش دەکەنە سەر رۆژئاوا، بەڵام شەرڤانانی یەپەژە و یەپەگە لە دژیان شەڕیان کردووە، ئێستا راستەوخۆ هێرش دەکەن و ئەو هێرشەش بەردەوامیی سیاسەتەکانی داگیرکردنی باکووری کوردستان و پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە".
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری كەجەكە، راشیگەیاندووە: "ئێستا رووسیا و ئەمریکا و رژێمی ئەسەد و هێزەکانی دیکە بەشدارن لەو تاوانانەی لە دژی عەفرین ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەرخودانی هێزەکانی بەرگری لە گەلەکەمان ئەو پیلانگێڕییانە پوچەڵدەکەنەوە، هێرشی سوپای توركیا فەشەل دەهێنێت، بە دڵنیاییەوە گەلی عەفرین سەردەکەون".