كاڵكان: خەڵكی باشووری كوردستان لە پشتیوانیكردنی عەفرین پێشەنگن

"خەڵكی عەفرین لە منداڵەوە تا پیر بەرگری لە شارەكەیان دەكەن"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەری پەكەكە، رایدەگەیەنێت، خەڵكی باشووری كوردستان پێشەنگن لە پاڵشتی كردن لە عەفرین.

دوران كاڵكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە رۆژنامەی "یەنی ئوزگور پۆلەتیكی"ی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە: "كوردانی باشووری كوردستان و كوردانی تاوارگە بوونەتە پێشەنگ لە پاڵپشتیكردنی عەفرین".

 گوتیشی: "خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە تەمەنی حەوت ساڵی ھەتا حەفتا ساڵی بەرگری لە عەفرین دەكەن و خۆیان بە خاوەنی ئەو شارە دەزانن".

ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین، چین و توێژەكانی باشووری كوردستان پشتیوانی لە خەڵكی عەفرین دەكەن، لە چەند رۆژی رابردووش شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەربڕینی پشتیووانی سەردانی عەفرینیان كرد، ھەروەھا تیمی كوردستان24 بۆ رووماڵكردنی ھەواڵ و زانیارییەكانی تایبەت بە ھێرشەكە لە عەفرینە و بە گوتەی بەرپرسانی یەپەگە كوردستان24، رۆڵی كاریگەری ھەیە گەیاندنی دەنگی راستی خەڵكی عەفرین بە جیھان.