یەپەگە پابەندی ئاگربەستی سووریا دەبێت
"وەك یەپەگە پێشوازی لەو بڕیارە دەكەین"
K24 - ھەولێر
دوای پەسندكردنی پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەستی سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێشوازی لە بڕیارەكە كرد و رایدەگەیەنێت، كە پابەند دەبن بە ئاگربەستی سووریا.
لە راگەیەندراوێكدا ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند: "لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوێنێ 24 شوبات پەسندكرا، بە مەبەستی گەیاندنی ھاوكارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچانەی سووریا كە شەڕیان لێیە، بۆ ماوەی مانگێك لە سەرتاسەری سووریادا ئاگربەست رادەگەیەندرێت، ئێمە وەك فەرماندەیی یەپەگە پێشوازی لەو بڕیارە دەكەین".
یەپەگە راشیگەیاند: "ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ وەستاندنی شەڕ لە هەموو ناوچەكان بە گونجاو دەزانین، جگە لە شەڕی دژی داعش، هاوکات بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین کە لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیادا بەرگری لە خۆمان بکەین".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی یەپەگەدا ھاتووە: "یەکینەکانمان بەڵێن دەدەن کە ئاسایشی ئەو ناوچانە پارێزراوبێت، كە بڕیارە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانیان بکەن، بۆ ئەوەی ھاوكارییە مرۆییەکانی بگەیەندرێنە هاووڵاتیان. داواش لە ھەموو لایەنەكان دەكەین ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش جێبەجێ بكەن".
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاندبوو، كە وڵاتەكەی پێشوازی لە ئاگربەستی سووریا دەكات.
لە كۆبوونەوەی دوێنێ 24 شوباتی 2018، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەستی سووریا پەسند كرد.
H.M