یەپەگە ھێرشێكی توركیای لە عەفرین تێكشكاند

توركیا ناوەندی جندرێس بۆردوومان دەكات

K24 - ھەولێر

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ شەڕڤانان ھێرشێكی سوپای توركیایان بۆسەر شارۆچكەی جندرێسی عەفرین تێكشكاند.

ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە رایگەیاند: "ئەمڕۆ سوپای توركیا ھێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر شارۆچكەی چندرێس دەستپێكرد، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، لە رووبەڕوو بوونەوەیەكی سەختدا ھێرشەكەی توركیایان تێكشكاند".

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە: "دوای تێكشكاندنی ھێرشەكە، توركیا ناوەندی جندرێسی بۆردوومان كردووە".

ئەمڕۆ 38 رۆژە ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین بەردەوامە و بە گوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین زیاتر لە 150 شەھیدبوونە و نزیكەی 700 كەسی دیكەش برینداربوونە.

سوپای توركیا لە 20/1/2018، له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" ھێرشی بۆسەر عەفرین دەست پێكرد، جگە لە سوپای ئەو وڵاتە میلیشیای سوپای ئازادی سووریای سەر بە توركیا بەشداری لە ھێرشەكەدا دەكات.

دوای مانگێك لە ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، ھێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا ھاتنە عەفرین و لە سەنگەرەكانی دژی توركیا بڵاوەیان پێكراوە و فەرماندەكانی ئەو ھێزانەش ئاشكرایان كرد، كە شەڕ لەنێوان ھێزەكانیان و سوپای توركیا روویداوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 لە عەفرین: "تا ئێستا 4 چەكداری حكوومەتی سووریا كوژراون و 5 دیكەش برینداربوونە".

H.M