"ھێرشێكی توركیا لە عەفرین تێكشكێندرا"
"سوپای توركیا كوژراو و برینداری ھەیە"
K24 - ھەولێر
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاشكرای كرد ھێرشێكی سوپای توركیایان لە عەفرین تێكشكاندووەو چوار سەربازی توركیاش كوژراون.
ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە رایگەیاند: "شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ھێرشێكی توركیایان بۆ سەر گوندی عەلی جەزای سەر بە شارۆچكەی بلبل تێكشكاند".
یەپەگە راشیگەیاندووە: "لە ھێرشەكەدا 4 سەربازی توركیا كوژراون و 6 دیكەش برینداربوونە".
ماوەی 40 رۆژە سوپای توركیا ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر عەفرین دەستپێكردووە، بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین، تا ئێستا 192 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە و 574 كەسی دیكەش برینداربوونە".
ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە عەفرین لە 20/1/2018 دەستیپێكرد و لەسەرەتای ھێرشەكەدا بەرپرسانی توركیا رایانگەیاند كە لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن عەفرین كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام تائێستا سوپای توركیا نەیتوانیوە بچێتە نێو عەفرین، دوای مانگێك لە 20 شوباتی 2018، بە رێككەوتنی یەپەگە و حكوومەتی سووریا، ھێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد گەیشتنە عەفرین، وەك بەرپرسانی ئەو ھێزانە رایانگەیاند، بۆ بەرگریكردن لە عەفرین ھاتوون.