ساڵح موسليم رۆڵى كوردستان24 له‌ رووماڵى شه‌ڕى عه‌فرين به‌رز ده‌نرخێنێت

پێویستە میدیاکان لەم رووەوە چاو لە کوردستان24 بکەن"

K24 – هه‌ولێر:

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندیيەكانی تەڤدەم رۆڵی کوردستان24 لە رووماڵکردنی رووداوەکانی کوردستان و بەتایبەت رووماڵی شەڕی عەفرین بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: "پێویستە میدیاکان لەم رووەوە چاو لە کوردستان24 بکەن".

كوردستان24، وه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌كى كوردستانى له‌ ده‌ستپێكى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين، رووماڵى راسته‌وخۆى رووداو و پێشهاته‌ سه‌ربازييه‌كانى كانتۆنى عه‌فرينى كردووه‌ و زانيارى و هه‌واڵه‌كانى بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ كه‌ناڵه‌ بيانييه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ته‌ڤده‌م و ئه‌مريكاشه‌وه‌، ساڵح موسليم رايگه‌ياند، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە.

ساڵح موسلیم  رەتیشيکردەوە، هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پەیەدە و واشنتۆن هەبێت و گوتى: "تەنیا لەڕووی سەربازییەوە پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوانیاندا هەیە".

توركيا  به‌رده‌وام ئه‌مريكا به‌ پشتيوانيكردنى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) و پڕچه‌ككردنى ئه‌و هێزانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و به‌رپرسانى توركيا تۆمه‌تى "پشتيوانيكردنى تيرۆر" ده‌ده‌نه‌ پاڵ ئه‌مريكا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و هاوكارييه‌ سه‌ربازييانه‌ى ئه‌مريكا له‌ رۆژهه‌ڵاتى فورات پێشكه‌ش به‌ يه‌كينه‌كانيان ده‌كات، له‌ ميانى شه‌ڕى داعشدا.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ياريده‌ده‌رى سكرتێرى ئاسايشى رووسيا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌كسه‌نده‌ر بينيديكتۆڤ، رايگه‌ياند، ئه‌مريكا له‌ رێى پێدانى چه‌ك به‌ كورد، توركياى "ئيستفزاز" كرد بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بكاته‌ سه‌ر عه‌فرين.

بينيديكتۆڤ، گوتيشى: "پڕچه‌ككردنى كورد، به‌ پێشكه‌وتووترين چه‌ك، هاندانى جياخوازى له‌ ناو كورده‌كاندا، بووه‌ته‌ مايه‌ى ئيستفزازكردنى توركيا و به‌و هۆيه‌وه‌ هێرشى بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌ستپێكرد".

سوپاى توركيا له‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018ه‌وه‌ به‌ پشتيوانى زياتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كدارى گرووپه‌ ميليشياييه‌ ئيسلامييه‌كان و سوپاى سوورياى ئازاد، هێرشى بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرين له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو، ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى بڕيارى ژماره‌ 2401ى تايبه‌ت به‌ راگرتنى شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانى سووريا ده‌ركرد، به‌ڵام توركيا ره‌تيده‌كاته‌وه‌ پابه‌ندى بڕياره‌كه‌ ببێت.

به‌ پێى بڕياره‌كه‌، پێويسته‌ شه‌ڕ له‌ ته‌واوى سووريا بۆ ماوه‌ى 30 رۆژ بوه‌ستێندرێت. بۆ ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌ فرياگوزارييه‌كان بتوانن كه‌م و پێداويستى مرۆيى بگه‌يه‌ننه‌ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كانى شه‌ڕ.

سوپاى ئه‌مريكا له‌ ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى فوراتدا چه‌ندين بنكه‌ى سه‌ربازى دامه‌زراندووه‌ و پشتيوانى و هاوكارى له‌ يه‌په‌گه‌ ده‌كات.

وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا(پێنتاگۆن)، له‌ پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوويدا بڕى 550 مليۆن دۆلارى بۆ مه‌شق و راهێنان و پڕچه‌ككردنى يه‌په‌گه‌ و هه‌سه‌ده‌ ته‌رخانكردووه‌ و ئه‌وه‌ش نيگه‌رانى توركياى لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

ئ.ر