یەپەگە: 16 سەربازی توركیا كوژران
" سوپای توركیا تێكشكێندران"
K24 - ھەولێر
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند، شەڕڤانان لە چالاكییەكدا 16 سەربازی توركیایان كوشتووە و دوو چەكی قورسی سوپای توركیاشیان تێكشكاندووە.
ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە بڵاویكردەوە: "لە چالاکییەکی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە لە دژی سوپای توركیا لە ناوچەی شەرای عەفرین، 16 توركیا كوژراون دوو چەکی قورس لە جۆری BMB تێکشکێندران".
ئەو ئاژانسە رونیكردووەتەوە: "ئەو چالاكییەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە گوندەکانی چەما و تەل بافلۆنی لە ناوچەی شەرا ئەنجامدراوە".
بەپێی زانیاری ئەو ئاژانسە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە ناوچەكانی شەرا و جندرێس و راجۆ بەردەوامە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ میدیاكانی توركیا بڵاویكردووەتەوە كە سوپای وڵاتەكەی شارەدێی راجۆی كۆنترۆڵكردووە.
ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین ئەمڕۆ پێدەنێتە 43مین رۆژ و بەپێی ئامارەكان زەرمەندی یەكەمی شەڕەكە ھاووڵاتیانی سڤیلی عەفرینن، كە تائێستا زیاتر لە 190 كەس شەھید بوونە و نزیكەی 600 كەسیش برینداربوونە.
H.M