یادی راپەڕینە

خەڵكی كوردستان دژی زوڵم و ستەمی بەعس راپەڕین

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانە دژی رژێمی بەعس، كە توانرا بۆ یەكەمجار زۆربەی خاكی ھەرێمی كوردستان لەدەست رژێمی بەعسی عێراق رزگار بكرێت.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا 26 ساڵ لەمەوبەر، لە 5 ئاداری ساڵی1991 راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسی عێراق دەستی پێكرد و لە یەكەم رۆژی راپەڕیندا دەڤەری رانیە و قەڵادزێ رزگاركرا و دواتریش نازناوی دەروازەی راپەڕین بەخشرایە ئەو دەڤەرە.

راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتی مەفرەزەكانی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرداریەی رژێمی بەعس دژ بە كورد ھاتە كایەوە، سەركەوتنیشی یەكگرتووی خەڵك و یەكدەنگی ھێزە سیاسییەكان بوو كە توانرا لە ماوەیەكی كەمدا زۆربەی خاكی باشووری كوردستان رزگار بكەن و كۆتایی بە حوكمی داگیركەربێنن.

ساڵێك دوای راپەڕین سەركردایەتی سیاسی كوردستان، دەستیكرد بە تاقیكردنەوەی رێگەی دیموكراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی باشووری كوردستان، لە 19/5/1992، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار ئەنجامدرا، ئەمەش سەرەڕای ناكۆكی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستكەوتێكی گرنگی كورد لە باشووری كوردستان ئەژمار دەكرێت، چونكە لەمێژوودا یەكەمجارە كورد خاوەن پەرلەمان و حكوومەتی خۆی بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی باشووری كوردستان، وەك ھەرێم جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەكاندا، سەركردایەتی سیاسی كورد توانیویەتی لە رووی دیپلۆماسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بكات و مافەكانی كورد بە ناوەندە سیاسییەكانی جیھان بگەیەنێت.

ھەرچەندە ئێستا كە یادی 27 ساڵەی دەستپێكردنی راپەڕین و رزگاركردنی دەڤەری پشدەر و بتوێن دەكرێتەوە، بەھۆی ئابڵوقەكانی بەغدا بۆسەر ھەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی. زۆربەی خەڵكی كوردستان لە دۆخێكی خراپدا دەژین، بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەمانەش خەڵك بە ئازادی دەژیت، ھەروەھا بە  بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە رووی ئەمنیەت و ئاسایش ھەرێمی كوردستان سەقامگیرترین ناوچەی عێراقە.

ھ.م

یادی راپەڕینە
یادی راپەڕینە
یادی راپەڕینە
Fly Erbil Advertisment