عەفرین پێویستی بە دەرمانە
ژمارەی شەھید و برینداران زیاتر دەبێت
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین رایدەگەیەنێت، كە دەرمان و پێداویستی تەندرستی لە نەخۆشخانەكانی عەفرین زۆر كەمە و ژمارەی بریندارانیش بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا زیاتربووە و تا ئێستاش 212 كەسی سڤیل لە عەفرین شەھیدبوونە.
ئەنجێلا رەشۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "دەرمان و پێداویستیی تەندروستی لە عەفرین زۆر کەمە و بۆردوومان و تۆپبارانی توركیاش بۆسەر شارەكە بەردەوامە و ژمارەی بریندارەكانیش زیاتر بووە".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین راشیگەیاند: "لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی سووریاوە 33 ھاووڵاتی سڤیل لە عەفرین بەھۆی بۆردوومانەكانی توركیا شەھیدبوونە و بەمەش ژمارەی شەھیدانی ھاووڵاتی گەیشتە 212 شەھید، كە 28 منداڵ و 25 ژن و 159 پیاون، ھەروەھا 612 كەسی دیكەش برینداربوونە، لەنێویاندا 76یان منداڵ و 82 ژنن".
سوپای توركیا لە 20ى كانوونى دووهم/ يهنايرى 2018، له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زهيتون" دهستيپێكرد و جگە لە سەربازانی توركیا، چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی سەر بە توركیا بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەكەن.
لە 24/2/2018، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە کۆی دەنگ، پڕۆژە یاسای ئاگربەستی سووریای پەسند كرد، رۆژی دواتریش یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە ئاگربەستەكە كرد، بەرپرسانی توركیاش رایانوایە كە ئاگربەست عەفرین نەگرێتەوە و ھێرشی ئاسمانی و زەمینی سوپاكەی بەردەوامە بۆسەر عەفرین.
ھ.م