ئه‌ڵمانیا داواكاری توركیا بۆ راده‌ستكردنی ساڵح موسلیم تاوتوێ ده‌كات
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا: داواكاری توركیا بۆ راده‌ستكردنی موسلیم ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دادی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
سیگمار گابریێل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا جه‌ختی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی پرسی راده‌ستكردنی ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات یه‌په‌ده به ئه‌نقه‌ره تاوتوێ ده‌كات.
ئه‌م قسانه‌ی گابریێل له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، هاوتا توركه‌كه‌ی له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا هاتوون و، گوتی: "نامه‌یه‌كی زاره‌كیمان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ راده‌ستكردنی هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده به ئه‌نقه‌ره پێگه‌یشتووه و، ئه‌و داواكارییه وه‌ك هه‌میشه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دادی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا دیراسه‌ی بكه‌ن".
جێگای ئاماژه‌یه، له كۆتایی مانگی رابردوودا، ده‌سه‌ڵاتدارانی چیك له‌سه‌ر داواكاری توركیا، بۆماوه‌ی 3 رۆژ ساڵح موسلیمیان ده‌ستگیر كرد، به‌ڵام دواجار دادگای ئه‌و وڵاته بڕیاری ئازادكردنی موسلیمی ده‌ركرد. دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند رۆژێكیش به‌سه‌ر ئازادكردنیدا، موسلیم له خۆپیشاندانێكی ره‌وه‌ندی كورددا ده‌ركه‌وت، كه له شاری به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا له دژی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان سازكرابوو.
دواتریش هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له چه‌ند لێدوانێكی جیاوازدا جه‌ختیان كرده‌وه، ساڵح موسلم بۆ هه‌ر سوچێكی ئه‌م جیهانه بچێت، ئه‌وان به‌دوایدا ده‌چن و یه‌خه‌ی به‌رناده‌ن.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ماوه‌ی نزیكه‌ی 3 ساڵه له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك گرژی كه‌وتۆته په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌رلین، تائێستاش دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه و به‌شێكی زۆر له كێشه‌كانیان به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه.
H.B