یەپەگە رووسیا بە كۆمەڵكوژی عەفرین تۆمەتبار دەكات

"ھاوبەشی توركیایە"

K24 - ھەولێر

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، رووسیا وەك توركیا تاوانبارە لە كۆمەڵكوژی خەڵكی عەفرین، ئەگەر رێگەی بە فڕینی فڕۆكەكانی توركیا نەدابایە لە ئاسمانی عەفرین ئەو وێرانكارییە رووینەدەدا.

لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی گشتی یەپەگە رایگەیاند: "حكوومەتی رووسیا بە کردنەوەی ئاسمانی عەفرین بەرووی تورکیا رێگەی خۆشکرد بۆ وێرانکردنی گوندەکان و کۆمەڵکوژی خەڵکی عەفرین".

لە راگەیەندراوەكەی یەپەگە ھاتووە: "هێرشێکی دڕندانە دەکرێتە سەر هاووڵاتیانی عەفرین و هەموو جۆرە چەکێك لە دژیان بەکار دەهێندرێت، وەك هەمووان دەزانن ئاسمانی عەفرین لە ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیا دایە، ئەگەر مۆسكۆ رێگەی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای توركیا نەکردبایەوە، ئەوانیش نەیاندەتوانی بەو شێوەیە لە ئاسمانەوە هێرش بکەنە سەر عەفرین".

یەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "ئاشکرایە کە حکوومەتی رووسیا بە کردنەوەی ئاسمانی عەفرین رێگەی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا خۆشکرد بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتیانی عەفرین، بەمەش رووسیا هاوبەشە لەو کۆمەڵکوژییەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، ئەوەش پاش هەوڵدانی رووسیا بۆ هاندانی یەپەگە و بەڕێوبەرایەتی سیاسی عەفرین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان روودەدەن، هیچ بەرژەوەندییەکی گەلانی سووریا لەو کردەوەیەی رووسیادا نییە".

فەرماندەیی گشتی یەپەگە رایدەگەیەنێت: "رووسیا بە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا لە رشتنی خوێنی هاووڵاتیانی کورد لە عەفرین هاوبەشە، ئێمە وەك فەرماندەیی گشتی یەپەگە، داوا لە حکوومەتی رووسیا دەکەین، کە لەو بڕیارەی پاشگەزبێتەوە، هەروەها بانگەوازی هاووڵاتیانی رووسیا دەکەین، کە فشار بخەنە سەر حکوومەت و رێگریكردن لە حکوومەتەکەیان لەو پلانە".

ھ.م