"29 سەربازی توركیا كوژران"
تانكێكی سوپای توركیا تێكشكێندرا
K24 - ھەولێر
یەپەگە رایدەگەیەنێت، لە شەڕ و پێكدادانەكەی ئەمڕۆی ناوچەی شەڕا لە عەفرین 29 سەربازی توركیا كوژراون و تانكێكی سوپای توركیاش تەقێندراوەتەوە.
ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە بڵاویكردەوە: "لە ناوچەی شەڕای عەفرین شەڕێكی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و سوپای توركیا لە ئارادایە، لە شەوی رابردووەوە تائێستا 29 سەربازی توركیا كوژراون و تانكێكی سوپای توركیاش تەقێندرایەوە".
یەپەگە روونیكردووەتەوە: "لە شەڕێكی سەختدا كە شەوی رابردووەوە دەستیپێكردووە، لە گوندی مەشعەلە و دەوروبەری قوتمێ 20 سەربازی توركیا كوژراون، لە بەردەوامی شەڕەكەدا ئەمڕۆ 9 سەربازی دیكەی توركیا لەو ناوچەیە كوژران و بەمەش ژمارەی كوژراوانی توركیا تا ئێستا گەیشتووەتە 29 سەرباز".
بە گوێرەی ئەو ئاژانسە: "تا ئێستا شەڕ لە ناوچەی شەڕا بەردەوامە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاش ناوەندی جندرێس و گوندی مسكێ بۆردوومان دەكەن".
ئەمڕۆ ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین پێدەنێتە 47 رۆژ و بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین تا ئێستا زیاتر لە 200 ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوونە و زیاتر لە 600 كەسی دیكەش برینداربوونە. لە راگەیەندراوێكیشدا یەپەگە رووسیا بە كۆمەڵكوژی خەڵكی عەفرین تۆمەتبار دەكات و بە ھاوبەشی توركیای دادەنێت.
ھ.م