تەرمی فەرماندەكەی حدك لە كۆیە بە خاك دەسپێردرێ

لە دەڤەری راپەڕین "تیرۆر"كرا

K24 - ھەولێر

لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی سەركردە و نوێنەرانی حزبەكانی رۆژھەڵات و باشووری كوردستان و جەماوەرێكی بەرچاو، ئەمڕۆ تەرمی قادر قادری، فەرماندە و كادیری حزبی دیموكراتی كوردستان لە گۆڕستانی شەھیدانی ئەو حزبە لە كۆیە بەخاكسپێردرا.

ژیوار رەسوڵی، نێردراوی كوردستان24 لە كۆیە رایگەیاند: "تائێستا ھیچ سەرەداوێك لەبارەی رووداوەكە نییە و بە گوتەی سەركردەكانی حدك لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە، بەڵام حدك پێداگرە كە فەرماندەكەیەیان لەلایەن ئێرانەوە "تیرۆر"كراوە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوو روونكردنەوەی زیاتر لەسەر رووداوەكە بدەن".

قادر قادری، کادر و فه‌رمانده‌ی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدك) شەوی 6/3/2018 لە گوندی ھەرتەلی سەر بە شارەدێی سەروچاوەی دەڤەری راپەڕین دەستڕێژی گولـلەی لێكرا و حدك لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: "ئەو فەرماندەیە تیرۆركراوە و زیاتر لە 20 گولـلە بەر جەستەی كەوتووە و كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنجامدەری تیرۆركردنی ئەو قادر قادری دەزانین".

ھەفتەی رابردوو لە رووداوێكی ھاوشێوەدا لە شارەدێی بنەسڵاوە دوو ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) كرانە ئامانج و بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك كە لەژێر ئۆتۆمبێلەكەیان سەباح رەحمان، ئەندامی حدكا گیانی لەدەستداو باوكی بە سەختی برینداربوو.

ھ.م