سوید راده‌ستكردنی ساڵح موسلیم به توركیا ره‌ت ده‌كاته‌وه
سوید: توركیا داوای راده‌ستكردنی ساڵح موسلمی له‌ئێمه كردووه به‌ڵام ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی حكوومه‌تی سوید جه‌ختی كرده‌وه، داواكارییه‌كی ئه‌نقه‌ره بۆ راده‌ستكردنی ساڵح موسلیم، سه‌ركرده‌ی پێشووی پارتی یه‌كێتی دیموكرات په‌یه‌ده، به ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی گه‌یشتووه، به‌ڵام وڵاته‌كه‌ی ئه‌و داواكاریه‌ی توركیا ره‌ت ده‌كاته‌وه.
رۆژنامه‌ی "ئه‌فتونبلادێت"ی سویدی له‌سه‌ر زاری سیسیلیا ریدسیلیۆس، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دادی سوید بڵاویكرده‌وه، به‌لاغێك له پۆلیسی وڵاته‌كه‌یان به وه‌زاره‌ته‌كه‌یان گه‌یشتووه، كه ساڵح موسلیم له سوید نه‌ماوه، بۆیه داواكاری توركیاش ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ریدسیلیۆس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، شه‌وی رابردوو داواكاریه‌كی توركیا به وه‌زاره‌ته‌كه‌یان گه‌یشتووه، به‌ڵام ئه‌و جۆره داواكاریانه له‌كاتێكدا ده‌كرێن، كه داواكراو به تۆمه‌تێك له وڵاته‌كه‌یان ده‌ستگیركرابێت.
لای خۆیه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید به رۆژنامه‌ی ناوبراوی راگه‌یاندووه، موسلیم له‌سه‌ر داواكاری حكوومه‌ته‌كه‌یان سه‌ردانی سویدی نه‌كردووه و چاوی به هیچ ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش نه‌كه‌وتووه. رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده له 6ی مارس له په‌رله‌مان چاوی به ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تمه‌داری سویدی كه‌وتووه، له‌ناویاندا یۆناس شۆستید سه‌رۆكی حزبی چه‌پی سویدی.
له نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2016، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا یاداشتێكیان بۆ ده‌ستگیركردنی ساڵح موسلیم، سه‌ركرده‌ی پێشووی حزبی یه‌كێتی دیموكرات په‌یه‌ده، به تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له چه‌ند هێرشێكدا له‌ناو خاكی توركیا ده‌ركردبوو و، داوای راده‌ستكردنی موسلیم له‌هه‌ر وڵاتێك ده‌كات، كه بۆی بچێت.
پێشتریش دوای ده‌ستگیركردنی ساڵح موسلیم له وڵاتی چیك له‌سه‌ر داواكاری توركیا، دادگای پراگی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته بڕیاری ئازادكردنی ناوبراوی دا، به‌و مه‌رجه‌ی له دانیشتنه‌كانی داهاتووی دادگا رانه‌كات و، خاكی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌جێ نه‌هێڵێت.
دوای چه‌ند رۆژێكیش له ئازادكردنی موسلیم له چیك، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی په‌یه‌ده له یه‌كێك له خۆپیشاندانه‌كانی كورد له‌شاری به‌رلین، له دژی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ده‌ركه‌وته‌وه.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردووش، توركیا داواكارییه‌كی بۆ راده‌ستكردنی ساڵح موسلیم ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا كرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی روونی توركیا نه‌درایه‌وه.
حكوومه‌تی توركیا په‌یه‌ده به رێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌زانێت و، به باڵێكی پارتی كرێكارانی كوردستان له رۆژئاوای كوردستان ناوی ده‌بات.
H.B