ئه‌ردوغان بۆ هێرشی عه‌فرین داوای هاوكاری له ناتۆ ده‌كات
ئه‌ردوغان: دوای عه‌فرین ده‌چینه شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و تاوه‌كو قامیشلۆش ناوه‌ستن
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، هێزه‌كانیان له‌ناوه‌ندی شاری عه‌فرین زۆر نزیكبونه‌ته‌وه، دوای عه‌فرینیش ده‌چنه شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و تاوه‌كو شاری قامیشلۆ ناوه‌ستن.
ئه‌ردوغان له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا كه له‌به‌رده‌م ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا له شاری مێرسین پێشكه‌شی كرد، رەخنهی له‌ناتۆ گرت و گوتی: ئەو ئەندامانەی ناتۆ كه لە سوریان ده‌ستیان ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر توانایان ھەبوایە بەئاشکرا رووبەرووی تورکیا دەبوونەوە، بەڵام نا‌وێرن چونكه ده‌زانن توركیا چه‌نده به‌هێزه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌ردوغان رووی قسه‌كانی له‌ناتۆ كرد و گوتی: "من رووی قسه‌كانم له‌ناتۆ ده‌كه‌م، ئێوه له‌كوێن؟ وه‌رنه سووریا، بۆچی ناهێن؟ ئایا توركیا ئه‌ندامی ناتۆ نییه؟"، هه‌روه‌ها گوتیشی، "بۆ ئه‌فغانستان داواتان لێكردین هاتین، بۆ سۆماڵ و به‌لقان داواتان له‌ئێمه كرد، به‌ده‌م بانگهوازهكهتانهوه هاتین، ئێستاش من داواتان لێده‌كه‌م وه‌رن بۆ سووریا".
ماوه‌ی 50 رۆژه سوپای توركیا و گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری، كه ناویان له‌خۆ ناوه "سوپای سووریای ئازاد" و له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێن، ئۆپه‌راسیۆنێكیان به‌ناوی "چڵه زه‌یتوون" له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه به هێزی ئاسمانی و پیاده بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكردووه و، به‌و هۆیه‌شه‌وه تائێستا به ده‌یان هاووڵاتی سڤیل بوونه‌ته قوربانی.
H.B