جیھان ھاواری دایكانی عەفرین نابیستێ

"زیاتر لە 230 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/47eb30e5-db61-4287-8c14-108be2f50a79/031018HAY.ism/manifest

K24 - ھەولێر

ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین بەردەوامن و رۆژانە بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی، بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، تورکیا تاوانی پاکتاوی نەتەوەیی لە عەفرین ئەنجامداوە. دایکانی جەرگ سوتاوییش عەفرین داوا دەکەن جیھان دەنگیان ببیستێ و ھەڵوێستیان ھەبێت بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا.

بە گوێرەی راپۆرتی تۆڕی چاودێری مافەکانی مرۆڤە لە سووریا، زیاتر لە یەك ملیۆن ھاووڵاتی سڤیل لە عەفرین بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە لە ژێر ھەڕەشەی مەرگدان، سوپای توركیا بۆردوومانی ھەرەمەکی و تاوانی پاکتاوی نەتەوەیی لە عەفرین ئەنجامداوە، بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی رۆژانە بڵاودەکرێنەوە ئەوە دەسەلمێنن تورکیا خەڵکی سڤیل لە عەفرین دەکاتە ئامانج. رۆژانە زیاتر لە 10 کەس گیان لەدەست دەدەن، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. لە چەند رۆژی رابردووشدا لە رێوڕەسمێكدا تەرمی پێنج منداڵ بەخاکسپاردران، كە بەھۆی بۆردوومانەكانی توركیا گیانیان لە دەستدابوو، تەمەنیان لەنێوان 5 تا 14 ساڵیدابوو. بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی شارەكەش رۆژانە تەرمی چەند منداڵێك دەگاتە ساردخانەکانی نەخۆشخانەی عەفرین و نەخۆشخانەکانیش پڕن لە بریندار.

ژنێكی عەفرین كە لە نەخۆشخانە لەسەر تەرمی رۆڵەكەیەتی ھاوار دەكات: "كوا جیھان دەنگمان نابیستێ، تكایە ببینن لە عەفرین چی روودەدات، قوربانیان ھەموویان خەڵكی سڤیلن، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە".

لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆك کۆماری تورکیا بەوەشەوە ناوەستێت داوا لە ناتۆ دەکات لە شەری عەفرین ھاوکاری بکەن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، روو لە ئەمریکا دەڵێ: "غیرەتان نیە ئەگینا لە سووریا راستەوخۆ رووبەڕوومان دەبوونەوە".

ھێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین، کاریگەری خراپی کردووەتە سەر شەڕی دژ بە داعش و لە چەند رۆژی رابردوودا ھێزەکانی سوریای دیموکراتیش 1700 شەڕڤانی خۆی لە شەری دژبە داعش کشاندەوە و رەوانەی عەفرینی کردوون. پنتاگۆنیش رایگەیاند، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژھەڵاتی سووریا شەڕی لە دژی داعش راگرتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ سوپای تورکیا ھێرشەكانی بۆسەر ناوەندی عەفرین چڕكردووەتەوە".

بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین، تائێستا 230 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە و زیاتر لە 600 كەسی دیكەش برینداربوونە.

ھ.م