كەجەكە: خەریكە عەفرین لەناو دەبرێت

"جیھان بەرامبەر كۆمەڵكوژی عەفرین بێدەنگە"

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیەندراوێكدا ھۆشداری لەبارەی داگیركردنی عەفرین لەلایەن سوپای توركیا دەدات و رایدەگەیەنێت، خەریكە عەفرین لەلایەن دووەمین سوپای بەھێزی ناتۆوە لەناودەبرێت و جیھان لەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە بێدەنگە، كە سوپای توركیا لە عەفرین ئەنجامیدەدات.

كەجەكە رایدەگەیەنێت: "ماوەی 51 رۆژە کە هێرشێکی قڕکەر دەکرێتە سەر عەفرین، هەوڵیاندا بە داگیرکاری سیستمی دیموکراتی عەفرین لە ناو ببەن، لەو هێرشەدا سەدان ژن و منداڵ و هاووڵاتی سڤیل کوژراون، دارستانە زەیتوونەکان سوتێندراون، لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی واخەریکە شارێك لەلایەن دووەمین سوپای بەهێزی ناتۆوە لەناودەبرێت، هەموو ئەو وڵاتانەی تەنیا سەیری ئەو شەڕە دەکەن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە، بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە تاوانی ئەو شەڕەدا بەشدارن".

لە راگەیەندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "هاووڵاتیانی عەفرین لە دژی هێرشی داگیرکاریدا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆری دیکە لە وڵاتان هاندراوە بەرخودان دەکەن و باجی قوورسیان داوە، گەل لە نایەکسانییەکی تەواوی هێزدا بەرخودان دەکەن، گەلەکەمان لە ئەوروپا لە رۆژی دەستپێکی هێرشەکەوە لە سەر پێیانن، دەبێت چالاکییەکانیان بەرفراوانتر بکەنەوە، پێویستە گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و گەلانی جیهانیش پشتگیری عەفرین بکەن، گەلی کورد لە ئەوروپا لە بەردەم ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چالاکی ئەنجام بدەن".

کەجەکە راشیگەیاند: "پێویستە لە بەردەم کۆنسوڵخانەکانی رووسیا و ئەمریکا چالاکی ئەنجام بدرێت و بەم شێوەیە هەوڵبدرێت بۆ وەستاندنی هێرشەکە، ئەو هاووڵاتیانەی رۆژئاوا و باشووری کوردستان کە دەرفەتیان هەیە، پێویستە بچنە عەفرین و لەوێ وەك قەڵغانی زیندوو لە دژی داگیرکردنی عەفریندا بوەستن".

لە بەشێكی ئەو راگەیەندراوەدا كەجەكە ئاماژەی بەوەشداوە: "خەریكە نزیك دەبینەوە لە جەژنی نەورۆز، پێش هەمووان دەبێت گەلی کورد لە باکووری کوردستان بکەونە تێکۆشانەوە بۆ ئەوەی لە رۆژی نەورۆزدا هێرشی سەر عەفرین شەرمەزاربکەن، رۆژ رۆژی سەرهەڵدانە بۆ گەلەکەمان، بۆ پاراستنی یەکسانی و دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ پاراستنی ئازادی ژنان پێویستە هەمووان بکەونە تێکۆشانەوە، ئەوەش تەنیا تایبەت نییە بە خەڵکی عەفرین، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دەگرێتەوە".

ھ.م