يه‌په‌گه‌ راده‌ستكردنى عه‌فرين ره‌تده‌كاته‌وه‌

له‌ به‌رامبه‌ر راگرتنى هێرشى سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى

K24 – هه‌ولێر:

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌)، ره‌تيكرده‌وه‌، هێزه‌كانيان له‌ عه‌فرين پاشه‌كشێ پێبكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر راگرتنى هێرشى سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى.

فه‌رمانده‌ له‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل، نورى مه‌حموود رايگه‌ياند، "ئێمه‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ين. زێدى خۆمان ده‌پارێزين و چۆڵى ناكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى رێكخراوى داعش و قاعيده‌ى تيرۆريست بێنه‌ ناوى".

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى سپۆتنيك، نورى مه‌حموود گوتيشى: "پێشنيازى پاشه‌كشێ له‌ عه‌فرين به‌ ته‌واوى ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌و پێشنيازه‌ى پارتى ديموكراتى پێشكه‌وتوخواز خستوويه‌تييه‌ڕوو، نورى مه‌حموود گوتى: "ئه‌و پارته‌ له‌ سايه‌ى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌لدا ده‌ژيت و روون نييه‌ ئايا له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك ئه‌و پێشنيازه‌ى كردووه‌ و سه‌نگى چه‌نده‌، ئايا ئه‌و لايه‌نه‌ تواناى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ نێوه‌ندگيرى له‌ نێوان يه‌كينه‌كان و سوپاى توركيا بكات".

پێشتر ئه‌حمه‌د سلێمان، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى پێشكه‌وتووخواز رايگه‌ياندبوو، ره‌وشى عه‌فرين زۆر مه‌ترسيداره‌. زياتر له‌ مليۆنێك هاووڵاتى ژيانيان له‌ مه‌ترسيدايه‌. تا ئێستا هيچ ده‌رچه‌يه‌كى سياسى و فشارێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ راگرتنى ئه‌و شه‌ڕ و داگيركارييه‌ى توركيا ديار نييه‌.

گوتيشى: "دوو رۆژه‌ پێشنيازێكمان كردووه‌، يه‌كينه‌كان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و سوپاى توركيا بگه‌ڕێته‌وه‌ سنوور. ئيداره‌يه‌كى مه‌ده‌نى پێكبهێنرێت. چونكه‌ ره‌وشه‌كه‌ و شه‌ڕ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سدا نييه‌".

سوپاى توركيا له‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018ه‌وه‌ به‌ ياوه‌رى زياتر له‌ 25 هه‌زار چه‌كدارى ميليشيا ئيسلامييه‌كانى به‌ره‌ى نووسره‌ و به‌رهه‌ڵستكاره‌ سوورييه‌كان هێرشى ئاسمانى و زه‌مينى بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌ستپێكردووه‌.

ئ.ر