یەپەگە كشانەوە لە عەفرین رەتدەكاتەوە و ھێزی زیاتر رەوانە دەكات
"خاكی سووریا دەپارێزین"
K24 - ھەولێر
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێشنیازی كشانەوەی ھێزەكانیان لە عەفرین رەتدەكاتەوە و ھێزێكی دیكەی لە قامشلۆوە بەرەو عەفرین رەوانە كرد.
نووری مەحموود، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی راگەیاندووە: "یەپەگە ھێزێكی سوورییە و خاكی ئەو وڵاتە دەپارێزێت، بۆیە ئەوان لە بەرامبەر وەستاندنی ھێرشەكانی توركیا، لە عەفرین ناكشێنەوە".
گوتیشی: "پارتی پێشەرۆ لەسەر چ بنەمایەك پێشنیاری كشانەوەی لە عەفرین ئاراستەی یەپەگە كردووە، ئایا ئەو پارتە دەتوانێت ناوبژیوانی لەنێوان ئێمە و سوپای توركیا بكات؟".
چەند رۆژێك بەرلە ئێستا ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پێشڤەرۆی كورد لە سووریا رایگەیاندبوو، كە ئەوان پێشنیاریان كردووە، لەبەرامبەر كشانەوەی یەپەگە لە عەفرین، سوپای توركیاش ئۆپەراسیۆن بۆسەر ئەو شارە بوەستێنێت.
ھاوكات بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ھێزێكی دیكەی لە قامشلۆوە بەرەو عەفرین رەوانە كردووە، ئەو ھێزەی شەڕڤانان دەبرێنە سەنگەرەكان عەفرین دژی سوپای توركیا، بۆ ئەوەی بەرگری لە شارەكە بكەن.
پێشتر راگەیەندراوبوو، كە میلیشیاكانی سەر بە حكوومەتی سووریا كە لە 20 شوباتی 2018 یەكەم كاروانی ھێزەكانیان چووبووە عەفرین، كشاونەتەوە و روویان كردووەتە حەلەب. بەپێی نامەیەكی رووسیا بۆ سووریا، كە ئاشكرا كراوە، رووسیا داوای لە سووریا كردووە دەستبەرداری عەفرین بێت.
ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین لە 20/1/2018 دەستیپێكردووە و بەپێی زانیارییەكان سوپای توركیا لە ناوەندی شارەكە نزیكبووەتەوە، یەپەگە و بەڕێوەبەری خۆسەری ھەرێمی عەفرینیش ھۆشداریان لە وێرانكاری و كۆمەڵكوژی عەفرین داوە و داوا دەكەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لە داگیركردنی عەفرین بكات.
ھ.م