یەپەگە ھێرش بۆسەر عەفرین دەست پێدەكات
"لە قۆناخی بەرگرییەوە دەچینە قۆناخی ھێرشكردن"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی یەپەگە لە عەفرین رایدەگەیەنێت، رووسیا رێگەی لەبەردەم گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك داعش و قاعیدە كردەوە بۆ ئەویە ھێرش بكەنە سەر عەفرین، ئاسمانی سووریاشی بۆ فرۆكەكانی توركیا كردەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە خەباتیان بۆ رووبەرووبوونەوەی توركیا و گرووپەكانی سەربە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەردەوام دەبن. لەو چوارچێوەیەش دەست بە قۆناخێكی دیكەی ھێرشكردن دژی توركیا لەنێو عەفرین دەكەن.
بروسك حەسەکە، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "حکوومەتی تورکیا بە هێرشکردنە سەر عەفرین ژیانی ئاشتیانە و برایەتی گەلانی کردووەتە ئامانج، بەڵێن دەدەین، کە رێگە نەدەین حکوومەتی تورکیا لە دژی گەلەکەمان کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، تا ئێستا لە قۆناخی بەرگری لە هاووڵاتیانی مەدەنیدا بووین، لەمەودوا چالاکییەکانمان لە دژی سوپای تورکیا دەستپێدەکەین، بەبێ دوودڵی هەموو خاڵەکانیان دەکەینە ئامانج".
گوتیشی: "شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، عەفرین دەکەنە گۆڕستانی داگیرکەران، لەمڕۆوە لە هەموو شوێنێك دەبین، دەست بە چالاكی دەكەین، تا عەفرین رزگاردەکەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو دەوڵەتانەی پشتگیری یەپەژە و یەپەگەیان دەکرد لە شەڕی دژی داعش، ئێستا تەماشا دەكەن، چۆن خەڵکی عەفرین کۆمەڵکوژ دەکرێ، یەپەگە و یەپەژە رێگەنادەن سوپای توركیا دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت".
ئەو ھەوڵوێستەی یەپەگە دوای ئەوەدێت، پاش نزیكەی دوومانگ، دوێنێ 18/3/2018، سوپای توركیا داگیركردنی عەفرینی راگەیاند.
ھ.م