"ژماره‌یه‌ك چه‌كداری تاڵانچی ده‌ستگیركران"
گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی نه‌ینه‌وا: هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كمان خسته ئه‌ستۆی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سووریا
K24 - هه‌ولێر:
موزاحم ئه‌لحوێت، گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند: "هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سووریا ژماره‌یه‌ك له‌و دزانه‌یان ده‌ستگیركردووه كه ماڵی هاووڵاتیانی كوردیان له شاری عه‌فرین تاڵان كردووه".
ئه‌لحوێت ده‌ڵێت: "هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سووریامان ئاگاداركرده‌وه، به‌تایبه‌تی له عه‌فرین و له‌باره‌ی تاڵانكردن و دزینی موڵك و ماڵی كورد هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كمان خسته ئه‌ستۆیان. داوامان له سه‌رۆك هۆزه‌كانی سووریا كرد پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر هیچ نه‌ته‌وه‌و ئایین و مه‌زهه‌بێك نه‌كه‌ن".
گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌مان بۆ ناردوون، ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كردووه‌و ژماره‌یه‌ك دزیان ده‌ستگیركردووه كه ماڵی كورده‌كانیان دزیووه و ره‌وانه‌ی دادگایان كردوون، ئێستا ئه‌و دزانه لای چه‌كدارانی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سووریا‌ن".
ئه‌لحوێت گوتوویه‌تی: "ئێمه وه‌ك هۆزه عه‌ره‌به‌كان رێگه ناده‌ین هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌رامبه‌ر كورد بكرێت. داوامان له هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سووریا كردووه برایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب بپارێزن. وه‌ك چۆن سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی ده‌رگای بۆ عه‌ره‌به‌كان كرده‌وه‌و پارێزگاری لێ‌كردن".
ئه‌و میلیشیانه‌ی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، له كاتی داگیركردنی شاری عه‌فرین، ده‌ستیان به تاڵانكردنی موڵك و ماڵی هاوووڵاتیانی كورد و دامه‌زراوه‌كانی شاره‌كه كردووه، ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ژماره‌یه‌كی زۆری ماڵ و دووكان و بازاڕه‌كانی شاره‌كه له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی "سوپای سووریای ئازاد" تاڵان كراوون.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤیش، له سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی كه به جێگه‌ی باوه‌ڕ ناویبردووه، ده‌ڵێت: "چه‌كداره‌كانی ناو "ئۆپراسیۆنی چڵه زه‌یتوون"ـی توركیا ده‌ستیان به دزین و تاڵانكردنی موڵك و ماڵی هاووڵاتیان و كه‌لوپه‌لی باره‌گا سیاسی و سه‌ربازییه‌كان و ئۆتۆمبێل و ئالیاتی شاره‌وانی شاره‌كه كردووه"، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌په‌گه دوای نزیكه‌ی 2 مانگ له به‌رگریی و بۆ "پاراستنی ژیانی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه" وه‌ك خۆیان ده‌یڵێن، له عه‌فرین كشانه‌وه.
په‌یامنێری ئاژانسی فرانس پرێس، میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریایان بینیووه كه ئامێری ئه‌لیكترۆنی و كه‌لوپه‌ل و خۆراك و كاڵای دیكه‌یان دزیووه‌و ماڵ و چێشتخانه و شوێنه بازرگانییه‌كانیان تاڵانكردووه و به ئۆتۆمبێل گواستوویانه‌ته‌وه ده‌ره‌وه‌ی شاری عه‌فرین.
یه‌كێك له دانیشتوانی شاری عه‌فرین به ئاژانسه فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ی گوتووه: "سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه چه‌كداره‌كانی بینیووه دووكانه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان دزیووه و له‌سه‌ر شۆسته و رێگاكان كۆیانكردوونه‌ته‌وه‌و بردوویانه".
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له چه‌كداره‌كان یه‌كێك له ماركێته‌كانیان سووتاندووه‌و په‌یكه‌ری كاوه‌ی ئاسنگه‌ر كه یه‌كێكه له سیمبووله‌كانی گه‌لی كورد تێكیانشكاندووه.