ئه‌مریكا هێزێكی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی منبج ده‌كات

ئەو ھێزە لە باكووری شارەكە جێگیر دەكرێت

K24 - ھەولێر

به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیاوە، ئه‌مریكا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی شاری منبج ده‌كات و ئەو ھێزەش لەباكووری شارەكە جێگیر دەكرێت.

په‌یامنێری كوردستان24، له‌ منبج رایگەیاند: "بۆ پاراستنی شاری منبج و دروستكردنی باره‌گایه‌ك له‌ باكووری شاره‌كه‌، ئه‌مریكا هێزێكی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی منبج ده‌كات".

ئه‌ندامێكی شاندی ئه‌مریكا لە منبج، به‌ په‌یامنێری كوردستان24 راگه‌یاندووه‌: "ئه‌مریكا ژماره‌یه‌كی زیاتری هێزی تایبه‌ت له‌ باكووری منبج جێگیر ده‌كات و دوای چوار رۆژی دیكه‌، ئه‌و هێزه‌ ده‌گاته‌ منبج".

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی داگیركردنی عه‌فرین، توركیا چه‌ندین جاره‌ باسی چوونه‌ نێو منبج و پاككردنه‌وه‌ی له‌ یه‌په‌گه‌ ده‌كات، بەرپرسانی یەپەگەش لە وەڵامی توركیادا رایانگەیاندووە، كە منبج چۆڵ ناكەن.

شاری منبج دەكەوێتە رۆژئاوای فوڕات و ناوەڕاستی رۆژئاوای كوردستان، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش، لەساڵی 2016 ھێزەكانی یەپەگە بە پاڵشتی ھاوپەیمانان شارەكەیان لە دەستی داعش رزگاركرد و شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە شارەكە جێگیركران.

ھ.م