شەڕی گەریلایی لە عەفرین دەست پێدەكات

سوپای توركیا دەكرێتە ئامانج

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵی باکووری سووریا دەڵێ شەڕی عەفرین بووە شەڕی گەریلایی و لە هەر شوێنێك سوپای تورکیا هەبێت، دەکرێنە ئامانج.

هەدیە یوسف بە ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگەی راگەیاند: "بۆ ئەوەی خەڵکی عەفرین دووچاری کۆمەڵکوژییەکی گەورە لەسەر دەستی تورکیا نەبن بڕیاری کشانەوەمان لە شارەکە داوە".

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵی باکووری سووریا هەروەها گوتی: "شەڕی عەفرین بووە شەڕی گەریلایی و لە هەر شوێنێك سوپای تورکیا هەبێت هێرشیان دەکرێتە سەر و تۆڵەی کۆمەڵکوژی عەفرینیان لێدەکرێتەوە".

لەبارەی رەوشی ئاوارەکانیش، هەدیە یوسف رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رێکخراوێکی مرۆیی هاوکاری ئاوارەکانی عەفرینی نەکردووە".

لە 18 ئازاری 2018، توركیا داگیركردنی شاری عەفرینی راگەیاند، دواتریش سەركردەكانی یەپەگە ئەوەیان خستەڕوو، كە لەبەرژەوەندی خەڵكی شارەكە لە عەفرین كشاونەتەوە و چالاكییەكانیان دژی سوپای توركیا و چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی سەر بە ئەنقەرە لە ناو عەفرین بەردەوام دەبێت.

ھ.م