"عەفرین رووی راستەقینەی سیاسەتی جیھانی ھەڵماڵی"

ھەدیە یوسف: عەفرینمان لە كۆمەڵكوژی دوورخستەوە و تێكۆشان بەردەوام دەبێت

K24 - ھەولێر

ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنه‌ری فیدڕاڵی دیموكراتی باکووری سووریا، رایدەگەیەنێت، بۆ ئەوە لە عەفرین كشاونەتەوە، كە خەڵكی عەفرین لە كۆمەڵكوژی بپارێزن و بەردەوام دەبن لە تێكۆشان دژی سوپای توركیا لە عەفرین و قۆناخێكی نوێی شەڕ لە عەفرین دەستیپێكردووە. ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، كە بەرخودانی عەفرین رووی راستەقینەی سیاسەتی جیھانی ھەڵماڵی.

ھەدەیە یوسف، ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنه‌ری فیدڕاڵی دیموكراتی باکووری سووریا بە ئاژانسی ھەواڵی ھاواری نزیك لە یەپەگەی گوتووە: "قۆناخێكی نوێی بەرخودانی عەفرین ده‌ستیپێكردووه‌ و ئێستا شێوازی شەڕی گەریلایی پەیڕەو دەکرێت، دەبێ خاکی عه‌فرین ببێتە گۆڕستانی داگیرکەران. گەلی عەفرینمان لە کۆمەڵکوژیی سوپای تورکیا دوورخستەوە، بەڵام لە بەرخودان نەکشاوینەتەوە و تێکۆشان دژی داگیرکەران بەردەوامە".

گوتیشی: "خۆڕاگری شەڕڤانان و گەلی عەفرین لە بەرامبەر داگیرکاری تورکیادا، پەیوەندی داگیرکەرانەی نێوان تورکیا و رووسیای ئاشکرا کرد. ھەروەھا دەرخەری بێدەنگی نێودەوڵەتی و پلان و پیلانەکانی تورکیا بوو دژ بە گەلی عەفرین".

ھەدەیە یوسف راشیگەیاند: "دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ، بە تەواوی توانای سەربازی خۆی، بە تۆپ و فڕۆكه‌ و موشەك، ھێرشی كرده‌ سەر شاری عەفرین و سەدان ھاووڵاتیان شەھید و بریندار کرد. بەشێوەیەك گەلی عەفرین کۆمەڵکوژکرا و وڵاتانی دونیاش بێدەنگ تەماشایان کرد. عەفرین، جوگرافیایەکی بچووکە، بەڵام رای گشتیی جیھانی راکێشا بۆ خۆی. بەرخودانی عەفرین رووی راستەقینەی سیاسەتی جیھانی ھەڵماڵی".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "گەلی عەفرین بە ‌به‌ر چاوی دەوڵەتانی دونیاوە کۆمەڵکوژ دەکرێت. ھەموو دەوڵەتانی جیھان بەرپرسن لەو کۆمەڵکوژییه‌، چونکە رێگرییان لە سوپای توركیا نەكرد، دەوڵەتی تورکیا وزەی لەو بێدەنگییەی جیھان وەرگرت".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عەفرین ھەدیە یوسف دەڵێ: "تا ئیستا رێکخراوە نێودەوڵەتییه‌کان ھیچ ھاوکارییه‌کیان پێشکەشی گەلی عەفرین نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بەڵێنی ھاوکاییان داوە، بەڵام تائیستا کات و بڕی ھاوکارییه‌کان نادیارە و ھیچ ھاوکارییەک بەدەستی خەڵكی عەفرین نەگەیشتووه‌"

 ھ.م