سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه ده‌ستی به دانوستان كرد
"پێشبینی ده‌كرێت فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێست و بڕیاری گرنگ له‌باره‌ی دۆخی عه‌فرین و باكووریی سووریا رابگه‌یه‌نێت"
K24- هه‌ولێر:
چه‌ند به‌رپرسێكی رۆژئاوای كوردستان له پاریس به رۆیته‌رزیان راگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ شاندێكی به‌رپرسانی باكووری سووریا ده‌ستی به دانوستان كردووه، كه ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ش له شانده‌كه‌دا هه‌ن و، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی دۆخی عه‌فرین و باكووری سووریا به‌گشتی سه‌ردانی فه‌ره‌نسایان كردووه.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه، له تویتێكدا نوسینگه‌ی یه‌په‌گه له پاریس رایگه‌یاند، "كۆشكی ئیلیزێ پێشوازی له شاندێكی كوردی، عه‌ره‌بی و كریستیانی سووریا كردووه، كه بۆ مه‌به‌سته‌ی تاوتوێكردنی دۆخی عه‌فرین و باكووری سووریا سه‌ردانی پاریس‌یان كردووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "پێشبینی ده‌كرێت فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێست و بڕیاری گرنگ له‌مباره‌یه‌وه رابگه‌یه‌نێت".
رۆیته‌رز له به‌رپرسێكی رۆژئاوای كوردستانی گواستۆته‌وه، "شانده‌كه چه‌ندین به‌رپرسی سه‌ربازی و سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ناویاندا وته‌بێژی یه‌په‌گه‌ش هه‌یه و بڕیاره به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن كۆ ببێته‌وه".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌فته‌ی رابردوو سوپای توركیا و گروپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیری ده‌كرێن، شاری عه‌فرینیان كۆنترۆڵ كرد و، دواتریش چه‌ندین جار به‌رپرسانی توركیا هه‌ره‌شه‌ی به‌رده‌وامیدان به پێشڕه‌وییه‌كانیان به‌ره‌و مونبج كردووه، كه له‌ده‌ست هێزه‌كانی سووریای دیموكراته و، چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكاش له‌و شاره هه‌ن.
پێشتریش به‌هۆی هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا چه‌ندین جار ئه‌و هه‌نگاوه‌ی توركیای رهخنهبارانكردووه.
H.B