یەپەگە 4 سەربازی دیكەی توركیای لە عەفرین كوشت

"تانكێكی سوپای توركیا تێكشكێندرا"

K24 - ھەولێر

یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیەنێت، لە چالاكییەكی پارتیزانیدا لە عەفرین شەڕڤانان، تانكێكی سوپای توركیایان تێكشكاندووە و چوار سەربازی ئەو سوپایەشیان كوشتووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەپەگە بڵاویكردەوە: "شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، لە ناوچەی بلبلێی عەفرین، تانکێکی سوپای تورکیان تێکشکاندووە و چوار سەربازی توركیاشیان کوشتووە و سێی دیكەش برینداربوونە".

دوای داگیركرانی عەفرین لەلایەن سوپای توركیا، یەپەگە شەڕی پارتیزانی لەناو شارەكە دەستپێكردووە، لە دوایین لێدوانی لەبارەی چالاكییەكان، بروسك حەسەكە گوتەبێژی یەپەگە لە عەفرین ئاشكرای كرد: "لەماوەی چوار رۆژدا شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، لە چەند چالاكییەكدا 36 سەربازی سوپای توركیا و چەكداری سوپای سوریای ئازادی سەر بە توركیایان لە عەفرین كوشتووە".

دوای نزیكەی دوو مانگ ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر عەفرین، لە 18 ئازاری 2018، توركیا داگیركردنی عەفرینی راگەیاند. ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەپەگەش ئەوەیان راگەیاندووە، كە بە كشانەوەیان لە عەفرین ویستویانە خەڵكی شارەكە لە كۆمەڵكوژی بپارێزن.

ھ.م