توركیا: بوونی هه‌ر هێزێكی فه‌ره‌نسی له سووریا داگیركارییه
نوره‌دین جانیكلی: هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له شه‌ڕی داعش به‌شدارن هێزی دیكه شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تیان بۆ ده‌كه‌ن ته‌نیا توركیا نه‌بێت كه راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی داعش ده‌بێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
نوره‌دین جانیكلی، وه‌زیری به‌رگری توركیا، نادرنی هێز له‌لایه‌ن فه‌ره‌نساوه بۆ باكووری سووریا به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردن له كورد، به هه‌وڵێك بۆ داگیركردنی خاكی سووریای ناویبرد.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، جانیكلی گوتی: "له‌كاتێكدا كه هه‌ره‌شه‌كانی داعش تاڕاده‌یه‌ك رهوێندراونهتهوه، بوونی هێزی فه‌ره‌نسی و هه‌ر وڵاتێكی دیكه له سووریا هیچ ره‌وایه‌تییه‌كی نییه"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه
جانیكلی دوپاتیكرده‌وه: "ئه‌گه‌ر پاریس بیه‌وێت چالاكی سه‌ربازی له باكووری سووریا هه‌بێت و له‌پشتی ئه‌و چالاكیانه‌وه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هاوكاری رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بكات، ئه‌وا به‌گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هیچ ره‌وایه‌تییه‌كی نابێت و، به داگیركاری هه‌ژمار ده‌كرێت" و هیواشی خواست، فه‌ره‌نسا بیر له ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ ناوچه‌كه نه‌كاته‌وه.
وه‌زیری به‌رگری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له شه‌ڕی داعشدا به‌شدارن هێزی دیكه هه‌ن كه شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تیان بۆ ده‌كه‌ن، ته‌نیا توركیا نه‌بێت كه رووبه‌ڕوو به‌رهه‌ڵستی چه‌كدارانی داعش ده‌كات".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، میدیا جیاوازه‌كان له چه‌ند به‌رپرسێكی كوردیان گواستۆته‌وه، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌ڵێنی به‌و شاندی هه‌سه‌ده داوه، كه رۆژ پێنجشه‌ممه سه‌ردانی پاریس‌یان كردبوو، هێزێكی سه‌ربازی تایبه‌تی فه‌ره‌نسی ره‌وانه‌ی مونبج بكات، بۆئه‌وه‌ی رێگری له هێرش و پێشێلكارییه‌كانی سوپای توركیا له باكووری سووریا بكات، هه‌وره‌ها ماكرۆن پێشنیازی نێوه‌ندگیری نێوان ئه‌نقه‌ره و كوردی رۆژئاوای كردبوو، به‌ڵام توركیا ره‌تی كرده‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شه‌وی رابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئه‌نجامدانی هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی فه‌ره‌نسی به شێوه‌یه‌كی جیاوازی ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، هێزه‌كانی فه‌ره‌نسا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ره‌فتار ده‌كات.
له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌مڕۆ، بینالی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌مباره‌یه‌وه دووپاتكرده‌وه و پێشنیازه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ نێوهندگیركردن له نێوان توركیا و كوردانی رۆژئاوای ره‌تكرده‌وه.
یڵدرم گوتیشی: "وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان دانوستان ناكات كه به‌لای ئه‌نقه‌ره‌وه ئه‌وان رێكخراوی تیرۆرستین، به‌ڵكو له‌جیاتی دانوستان هه‌وڵ بۆ له‌ناوبردنیان ده‌دات"، جه‌ختیشی كرده‌وه: "ئێمه به‌ڵێنمان داوه و هاوشێوه‌ی عه‌فرین و ناوچه‌ی قه‌ڵغانی فورات، بڕیاری له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی ئه‌و هێزانه‌مان له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه داوه".
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ئاماژه‌ی به رابردووی فه‌ره‌نسا له مێژوودا كرد و گوتی: "ئایا فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت گه‌لی سووریاش له هه‌مان سته‌م و زۆرداریدا بژیت، كه له رابردوودا خه‌ڵكی جه‌زائیر پێوه‌ی ده‌ناڵاند"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه جه‌زائیر وڵاتێكی موسته‌عمه‌ره‌ی فه‌ره‌نسا بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی یڵدرم هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له عێراق و شام و چه‌ند وڵاتێكی دیكه بكات.
یڵدرم دووپاتیكرده‌وه: "وڵاته‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و رێكخراوانه‌ی سته‌مكاری له سووریا ده‌كه‌ن ده‌خاته ناو مه‌چه‌كی خۆیه‌وه و گوتی: "ماكرۆن ده‌یویست ناوبژیوانیكردن له‌نێوان رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بكات به پاساوێك بۆ نیشاندانی جۆرێك له نیازپاكی، به‌ڵام توركیا په‌یوه‌ندی به هیچ تیرۆرستێكهوه ناكات".
هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی توندی له پێشوازیكردنی كۆشكی ئیلیزێ له شاندێكی به‌رپرسانی كورد گرت و رووی قسه‌كانی له ماكرۆن كرد و گوتی: "كێ راوێژی به‌تۆ كردووه بۆئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری له‌نێوان توركیا و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندا بكه‌یت؟ كێ تۆی بۆ ئه‌و كاره راسپاردووه؟".
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌رپرسانی توركیاش دوای ئه‌وه هاتووه، كه ئه‌مڕۆ چه‌ند به‌رپرسێكی په‌یه‌ده له رۆژئاوای كوردستان به ده‌زگا میدیاییه‌كانیان راگه‌یاندووه، توركیا سه‌رقاڵی ده‌ستنیشانكردنی والیێك و قایمقامێكه كه ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ردنی شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كورستانی پێ بسپێرێت، له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا زیاتر له 450 ئه‌ندامی هێزی ئه‌منی سه‌ر به توركیای له‌و شاره ئه‌ركدار كردووه و، بڕیاریشه ئیداره‌ی عه‌فرین راسته‌وخۆ بخاته سه‌ر شاری هاتای باكووری كوردستان و له‌سه‌ر ئه‌و كرده سه‌ربازییه‌ش، هه‌میشه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی داگیركاری بۆ توركیا درێژ ده‌كرێت.
H.B