خانمه فۆتۆگرافه‌رێكی كورد له عه‌فرین ده‌ستگیركرا
له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كدارییه‌كانی نزیك له توركیا ده‌ستگیركراوه
K24 - هه‌ولێر:
دڵشان قه‌ره‌جول، خانمه فۆتۆگرافه‌ری كوردی رۆژئاوای كوردستان، له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به توركیا، له عه‌فرین ده‌ستگیركرا.
دارا ستری، ئه‌ندامی گرووپی به‌هاناوه‌چوونی عه‌ره‌بی – كوردی به كوردستان 24ی راگه‌یاند، دڵشان قه‌ره‌جول، دوو رۆژ پێش ئێستا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ملیشیای سوڵتان موراد، كه گرووپێكی نزیك له توركیایه، له عه‌فرین ده‌ستگیركراوه.
دارا ستری راشیگه‌یاند، ماوه‌ی دوو رۆژه سۆراخی هه‌واڵی ئه‌و خانمه فۆتۆگرافه‌ره كورده ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵێك له باره‌ی چاره‌نووس و شوێنه‌كه‌ی بزانن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ هه‌واڵێكیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه.
ستری داوا له ته‌واوی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات گوشار بخه‌نه سه‌ر ئه‌و گرووپه چه‌كدارییانه‌ی به‌شدارییان له داگیركردنی عه‌فرین كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی دڵشان قه‌ره‌جول ئاشكرا بكه‌ن.
دڵشان قه‌ره‌جول، خانمه فۆتۆگرافه‌رێكی كورده و تا ئێستا چه‌ندین پێشانگای هاوبه‌ش و تایبه‌تی كردووه‌ته‌وه و به‌شداری له چالاكییه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئاستی سووریا كردووه.
سوپای توركیا به هاوكاری چه‌ند گرووپێكی چه‌كداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، رۆژی 18ی ئاداری رابردوو، له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوون، شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستانییان داگیركرد.
