پارتی كرێكارانی بەریتانیا پشتیوانی بۆ رۆژئاوای كوردستان دەردەبڕێت

لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

شاندێكی پارتی كرێكارانی بەریتانیا سەردانی رۆژئاوای كوردستانیان كرد و جەختیان لە پاڵپشتی وڵاتەكە بەرامبەر ھەڕەشەكانی سەر كورد كردەوە.

بەگوێرەی ئاژاسنی ھەواڵی رۆیتەرز، دوێنێ شاندێكی باڵای پارتی كرێكارانی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی مۆریس جلاسمان، نەقیبی پارتی كرێكاران لە ئەنجوومەنی لۆردات، سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردووە و شاندەكە بەڵێنی داوە، بەرامبەر ئەو ھەڕەشانە بووەستنەوە، كە دژبە فیدرالی باكووری سووریا لە ئارادان.

ئه‌و شانده‌ به‌ریتانییه‌، له‌ رێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ رێكخراوه‌ و له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سێمالكاوه‌ چوونه‌ته‌ رۆژئاوای كوردستان.

گلاسمان لە سەردانەكەیدا رایگەیاندووە: "پەیوەندییەكی دوور و درێژمان بەیەكەوە ھەیە، پشتیوانیتان دەكەین و دژی ھەموو ئەو كەسانە دەوەستینەوە، كە ھەوڵی لەنێوبردنی ئازادیتان دەدەن".

دیداری ئەو شاندەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا و بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لە شاری قامشلۆ بەڕێوەچووە و مۆریس جلاسمان، گوتویەتی: "بە ھەموو ھێزمانەوە لە دڵەوە پشتیوانیتان دەكەین".

بەڵێنیشی داوە كە گەڕانەوە بەریتانیا، ھەڕەشەكان و دۆخی رۆژئاوای كوردستان ببەنە نێو پەرلەمانی وڵاتەكەیان و پرسی ھاوكاریكردنی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی عەفرینیش بورژێنن.

ئاژانسی ھەواڵی ھاواری نزیك لە پەیەدە، سەردانی ئەو شاندە پشتراست دەكاتەوە و رایگەیاندووە، شاندەكە لەلایەن عەبدولكەریم عومەر، ھاوسەرۆكی دەستەی كاری دەرەوەی كانتۆنی جزیرێ و شاندێكی یاوەری پێشوازیان لە شاندەكەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا كردووە، بەڵام ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی ئاشكرا نەكردووە.

سەردانی ئەو شاندەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا دوای ئەوەدێت، كە لە 18/3/2018، توركیا شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد و ھەڕەشەی داگیركردنی منبج و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستانیش دەكات.

ھ.م