رووسیا ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كات
میدیاكانی ئیسرائیل: كه‌شتیگه‌لی رووسیا له به‌نده‌ری ته‌رتووسی سووریا به‌ره‌و شوێنێكی له‌بارتر بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوازرانه‌وه
K24- هه‌ولێر:
میدیاكانی ئیسرائیل رایانگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كه‌شتیگه‌لی رووسیا به‌نده‌ری ته‌رتووسیان جێهێشت، وه‌ك ئاماژه‌یان پێكردووه، كه‌شتیگه‌له‌كه بۆئه‌وه له‌و به‌نده‌ره كشاوه‌ته‌وه، تاوه‌كوو له شوێنی ستراتیژیتر و پێگه‌ی باشتر له‌نگه‌ر بگرێت، كه بتوانێت له‌وێوه كۆنترۆڵی مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕ بكات.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوای له رووسیا كرد، له‌سووریا چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی مووشه‌كه زیره‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات و پێی گوتووه: "كارێكی شه‌رمه‌زارانه‌یه پشتیوانی له ئاژه‌ڵێك بكرێت كه گه‌له‌كه‌ی ده‌كوژێت"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پشتگیری كردنی مۆسكۆ له رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، كه به ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی شاری دۆما تۆمه‌تبار ده‌كرێت، كه به‌هۆیه‌وه به‌ده‌یان كه‌س بوونه قوربانی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جێمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كرده‌وه، پنتاگۆن ئاماده‌یه بۆ پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان له‌باره‌ی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له دژی حكوومه‌ته‌كه‌ی دیمه‌شق، كه به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، دوای ئه‌و لێدوانه، ماتیس راسته‌وخۆ چووه‌ته كۆشكی سپی، بۆئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ناكاو له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجام بدات.
له‌كاتێكدا، ڤلادیمێر پۆتن، سه‌رۆكی رووسیا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل داوای له ناتانیاهۆ كرد، هیچ هه‌نگاوێك نه‌نێت كه ببێته هۆی ئاڵۆتربوونی دۆخی سووریا.
رۆژنامه‌ى (لۆس ئه‌نجلس تايمز)ى ئه‌مريكايى بڵاويكرده‌وه، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا(پێنتاگۆن) نيگه‌رانه له درووستبوونى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رووسيادا.
له وتارێكدا رۆژنامه‌كه روونيكردووه‌ته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌كانى دۆناڵد تره‌مپ بۆ وه‌شاندنى گورزى سه‌ربازى له دژى سووريا، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕ له نێوان رووسيا و ئه‌مريكا له سه‌ر خاكى سووريا.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه، واشنتن و مۆسكۆ نايانه‌وێت رووبه‌ڕووى يه‌كدى ببنه‌وه و هه‌ردوولا هانايان بردووه‌ته به‌ر ئه‌و هێڵه گه‌رمه‌ى له نێوان سوپاى هه‌ردوولا له سووريا هه‌يه.
به گوێره‌ى زانيارى لۆس ئه‌نجلس تايمز، ئه‌مريكا نزيكه‌ى 2 هه‌زار سه‌ربازى له باكوورى سووريا هه‌يه و ژماره‌يه‌كى هاوشێوه‌ش سه‌ربازى رووسيا له سووريا هه‌ن.
رووسيا هۆشدارى داوه‌ته ئه‌مريكا له ئه‌گه‌رى زيانگه‌ياندن به سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى له سووريا.
شه‌وى رابردوو، ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى شكستيهێنا له ده‌ركردنى بڕيارێك له دژى سووريا به هۆى ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانى چه‌كى كيميايى له ناوچه‌ى (دوما)ى غوته‌ى خۆرهه‌ڵات.
ئيداره‌ى ئه‌مريكا، سووريا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه چه‌كى كيميايى له دژى مه‌ده‌نييه‌كانى (دوما) به‌كارهێناوه و رووسياش دژى ئه‌نجامدانى هه‌ر كرده‌وه‌يه‌كى سه‌ربازييه له لايه‌ن سوپاى ئه‌مريكاوه.
مۆسكۆ دوو پرۆژه بڕيارى له باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه ئاماده‌كردبوو، ئه‌مريكاش پرۆژه بڕيارێكى ئاماده‌كردبوو، دواى تاوتوێكردنيان هه‌ردوو وڵات ڤيتۆيان له دژى پرۆژه‌كانى يه‌كدى به‌كارهێنا و به‌و هۆيه‌وه ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى نه‌يتوانى بگاته بڕيارێك له باره‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سوورياوه.
هه‌ريه‌ك له به‌ريتانيا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا و ئه‌مريكا، له ئاماده‌كاريدان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى حكومه‌تى سووريا، به پاساوى به‌كارهێنانى چه‌كيى كيميايى له دژى هاووڵاتيانى.
رۆژى (9ى نيسان/ ئه‌پريلى 2018)، سه‌رۆكى ئه‌مريكا، دۆناڵد تره‌مپ، رايگه‌ياند، ئه‌گه‌رى هێرشكردنه سه‌ر سووريا نزيكه به هۆى ئه‌گه‌رى به‌كارهێنانى چه‌كى كيمياييه‌وه له ناوچه‌ى (دوما).
رووسيا ره‌تيده‌كاته‌وه، هيچ به‌ڵگه‌يه‌ك هه‌بێت بيسه‌لمێنێت سوپاى سووريا له ناوچه‌ى (دۆما) چه‌كى كيميايى به‌كارهێنابێت.
H.B