حكوومەتی ھەرێم: پێویستە حكوومەتی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان ھەنگاوی كردەیی بنێت

"رژێمی بەعسی عێراق مرۆڤ و خاک و ژینگەی کوردستانی پێکەوە کردە ئامانج"

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 30 ساڵەی شاڵاوی ئەنفالكردنی كوردستان، لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی كەسوكاری ئەنفالكراوان، وەك ئەرك و بەرپرسیاریەتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی، ھەنگاوی جددی و كردەیی بنێت.

لە راگەیەندراوەكەی حكوومەتی ھەرێم ھاتووە: " ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کوردستان (شاڵاوی به‌دناوى ئەنفالەکان)دا لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت. شاڵاوێك کە بۆ سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییى كورد، مرۆڤ و خاک و ژینگەی کوردستانی پێکەوە کردە ئامانج و جگە لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی 182 هەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل، بووە هۆی خاپوورکردنی هەزاران گوند و شێواندنی ژینگە و بەسووتماککردنی خاکی کوردستانیش".

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات: "هیوادارین لە رووی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و گەل و خاکی کوردستانەوە، حکوومەتی عێراق وەك ئەرك و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی، هەنگاوی جددی و کردەیی بنێت".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا حكوومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت: " ئەم ئەرکانە لەمێژە خەمێکی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لە هەوڵی بەردەوامی بۆ گێڕانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفالەکان، ئاوەدانکردنەوەی گوند و ژینگە خاپوورکراو و شێوێندراوەکانی کوردستان و هاوکاریکردن و باشترکردنی گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە توانادا بووبێت کاری بۆ کراوە و هەڵبەتە کاری زۆریش ماوە کە دەبێ بکرێت و حکوومەتی هەرێم بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و کەمتەرخەم نابێت".

 

دەقی پەیامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یادی ئەنفال

 

ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر پرۆسەی جینۆسایدی گەلی کوردستان (شاڵاوی به‌دناوى ئەنفالەکان)دا لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت. شاڵاوێك کە بۆ سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەییى كورد، مرۆڤ و خاک و ژینگەی کوردستانی پێکەوە کردە ئامانج و جگە لە بێسەروشوێنکردن و کۆمەڵکوژکردنی نزیکەی 182 هەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیل، بووە هۆی خاپوورکردنی هەزاران گوند و شێواندنی ژینگە و بەسووتماککردنی خاکی کوردستانیش.

لە کاتێکدا یادی قوربانیانی شاڵاوی ئەنفالەکان، بەرز راگرتن و رێزلێنانە لەو خوێن و قوربانیەی کە بە درێژاییی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی ئەم گەلە پێشکەشی کردووە، هاوکات بۆ پەند و وانە وەرگرتنە لە مێژوو بە جۆرێک کە بە بیر و کردار هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بین وێڕای رێگری لەهەر شاڵاوێكى هاوشێوەی ئەنفالە بەدناوەکان، شوێنه‌واره‌ دەروونی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی ئەو شاڵاوه‌ نامرۆڤانەیەش بسڕینەوە.

ئەم ئەرکانە لەمێژە خەمێکی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لە هەوڵی بەردەوامی بۆ گێڕانەوەی روفاتی پیرۆزی قوربانیانی ئەنفالەکان، ئاوەدانکردنەوەی گوند و ژینگە خاپوورکراو و شێوێندراوەکانی کوردستان و هاوکاریکردن و باشترکردنی گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت بووە و لەم پێناوەدا ئەوەی لە توانادا بووبێت کاری بۆ کراوە و هەڵبەتە کاری زۆریش ماوە کە دەبێ بکرێت و حکوومەتی هەرێم بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت و کەمتەرخەم نابێت.

لە ئاستی دەرەوەدا ناساندنی ئەم شاڵاوە دڕندانەیە بە جینۆساید کارێکی جددیی حکوومەت بووە، له‌ عێراقیش دادگای تاوانەکان بەر لە هەر لایەنێک ئەم شاڵاوه‌ى بە جینۆساید ناسیوە و هیوادارین لە رووی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و گەل و خاکی کوردستانەوە، حکوومەتی عێراق وەک ئەرك و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی، هەنگاوی جددی و کردەیی بنێت.

کوردستانییانی خۆشەویست..

تاقه‌ گه‌ره‌نتى و رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر شاڵاوێکی شەڕانگێزانەی ناحەزانی گەلەکەمان هاوشێوه‌ى ئه‌نفال و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر خوشك و برایانى ئێزدیماندا هات، یەکڕیزی و یەکێتیی لایەن و پێکهاتەکانی کوردستانە، وه‌ك چۆن یەکڕیزیمان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا فاکتەری سەرەکیی سەرخستنی دۆزی ڕەوا و هێنانەدیی ئامانجەکانمانە بۆ ئایندەیەکی گەشى نەوەکانمان و کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لە سایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.

گەلی کوردستان هەمیشە شانازی بە کولتووری لێبوردەییی خۆیەوە دەکات، بەڵام هەرگیز ئەو زام و ئازارانە لەیاد ناکات کە دەستی غەدری ئەوانی دیكه‌ لە جەستە و ویژدان و یادەوەریی نەتەوەییدا دروستیان کردوون، وەک چۆن هەرگیز ئەو دەستی هاوسۆزی و دڵسۆزانەیەش لە یاد ناکات کە لە لایەن دڵسۆزان و دۆستانی مرۆڤایەتی و ژیانەوە بۆی درێژکراون.

سڵاو بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

14/4/2018