هۆشیاری زێباری: فرە لیستی كورد لە بەغدا تەندروست نییە
"یەکدەنگی کورد لە بەغدا گرنگە"
K24 - ھەولێر
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، فرە لیستی كورد لە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باش نییە و پارتی ھەوڵدەدات ھەموو لایەنەكان لە ژێر چەترێك كۆبكاتەوە.
هۆشیار زێباری، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "ئێمە بڕوامان بە دیموکراسی و فرە لیستی و کێبڕکێی دیموکراسیانە هەیە، بەڵام بۆ ئەم دۆخە ئەو فرە لیستیەی کورد دیاردەیەکی تەندروست نیە، بە تایبەت بەهۆی ئەو تەحەدایانەی کورد رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام من گەشبینم کە دوای هەڵبژاردن ماڵی خۆمان یەك بخەینەوە و ببینە یەك لیست".
جەختیشی كردەوە: "پارتی دیموکراتی کوردستان وەك گەورەترین حزبی کوردستان هەموو هەوڵێك دەدات کە هەموو لایەنەکان دوای هەڵبژاردن ببنە یەك لیست و کورد لە بەغداد لە ناو پەرلەمان و دامودەزگاکانی بەغداد پێگەی بەهێزبێتی".
ھۆشیار زێباری، لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: "هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەرمان هات لە رابردوودا بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی کورد خۆی بوو، لە کوردستان کە رەنگی دایەوە لە ناو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا، بەداخەوە هەڵوێستمان لاواز بوو هیوادارم هەموو لایەك وانەی لێ وەربگرن، بەڵام نموونەیەکی گەشبینیانە هەیە ئەویش سەرەڕای بوونی کێشەی ناوخۆیی لە کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەك دەنگ بوون لە بابەتی بەشە بوودجەی هەرێم کە ئەوەش کاریگەری زۆرباشی هەبوو".
زێباری بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت "کورد لە پەرلەمانی بەغدا دەتوانێت مافە دەستوورییەکان گەرەنتی بکات".
هۆشیار زێباری، ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێك بۆ کورد دەزانێت، بەو پێیەی سوونە و شیعە هیچ لیستێکی یەکگرتوویان نییە.
ھ.م