دڵشاد عەبدورەحمان: چاوەڕێم مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارەكە راست بكاتەوە
لەبارەی بڕیاری یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی روونكردنەوە دەدات
K24 - ھەولێر
دڵشاد عەبدورەحمان، راوێژكاری پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەبارەت بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی لەو حزبە رایدەگەیەنێت، كە ئەو پێشتر لە ریزەكانی یەكێتی دەستی لەكار كێشاوەتەوە، دەشڵێت "بڕیاری دەركرن و لادان کە لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە دەرچووە جێگای تێڕامانە و چاوەڕێی راستکردنەوەی بڕیارەکەیان دەکەم".
دڵشاد عەبدورەحمان بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای 38 ساڵ خەبات لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە شانازی بە رۆژ بە رۆژییە و خەبات وهاوڕێ وهاوسەنگەرانە دەکەم کە کارم لەگەڵ کردوون، ئارەزومەندانە و بەخواستی خۆم، لە 27/10/2017 نامەی وازهێنانم پێشکەش بە بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی کاك کۆسرەت کرد، بۆیە بڕیاری دەرکردن و لادان کە لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە دەرچووە جێگای تێڕامانە و چاوەڕێی راستکردنەوەی بڕیارەکەیان دەکەم، چونکە من ماف بەخۆم نادەم لەیەك کاتدا لەدوو رێکخراوی سیاسی کاربکەم، بەهەمان شێوەش کەلتووری وازهێنان لە حزب و رووکردنە حزبێکی تر بەمافی هەر تاکێکی دەزانم وسەرەتاییترین مافی دیموکراسیە کەمرۆڤ پیادەی بکا".
گوتیشی: "لەو روانگەیەوە کە یەکێتی ئەندامی رێکخراوی سۆشیال دیموکراتە، دەبێ مەکتەبی سیاسی نامەی قبوڵکردنی وازهێنان واژوو بکەن، نەك لادان و دەرکردن".
ئەوەشی خستەڕوو: "من ئێستا بە شانازییەوە ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریم و بەرپرسی پەیوەندیەگشتیەکانی هاوپەیمانیم".

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ كوردستان24 نووسراوێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاوكردەوە كە تێیدا بڕیاری دوورخستنەوەی دڵشاد عەبدورەحمان، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی و دانا نەقی، ئەندامی مەكتەبی كاروباری مەكتەبی سیاسی دراوە.
ھ.م