حكوومەتی ھەرێم داوا لە میدیاكاران دەكات ئاشتی كۆمەڵایەتی بپارێزن
یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییە
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستان و 120 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی، پەیامێك بڵاودەكاتەوە و داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكاران دەكات، رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ببنە پرد لەنێوان ھاووڵاتییان و حكوومەت.
لە پەیامەكەی حكوومەتی ھەرێم ھاتووە: "مایەی شانازییە لە هەرێمی کوردستاندا دەیان دەزگای رۆژنامهوانى و میدیایى بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە کەشێکی ئازاددا کار دەکەن. رۆژنامهنووسانى کوردستان لە رێگەی پێڕەوکردنی میتۆدێکی دروستی پیشەییانە و مەدەنیانەی متمانەدار و دوورکەوتنەوە لە هەر کردە و رەفتارێك زیان بە شکۆ و ناوبانگی میدیای کوردی و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگا بگەیەنێت، دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئەم ئازادییەی کە مافی خۆیانە".
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەرۆشی رەخساندنی کەشێکی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ کاری رۆژنامهوانى بەپێی پرەنسیپەکانی ئازادیی بیروڕا. لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی وەك دەسەڵاتی چوارەم بە میدیا رەوا بینراوە، هاوکات چاوەڕوانیشی لە دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان ههیه وێڕای رۆڵی کاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، رۆڵێکی کاریگەر لە هاوکاریکردنی دەزگا حکوومییەکان بگێڕن لە میانەی چاودێریکردن و بەدواداچوونی کار و پڕۆژە جیاجیاکانەوە و ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت".
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام رەخسێنراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنیانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییهكانى بێت".
دەقی پەیامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی
لە سەد و بیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی و بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم رۆژنامهنووسان و سهندیكاى رۆژنامهنووسانى کوردستان دەکەین، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاری پیشەییانە و گەیاندنی پەیامی دروست و نیشتیمانیانەدا بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە کۆمەڵگا، داکۆکیکردنی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لە ماف و خواستەکانی رۆژنامهنووسانى کوردستان بەرز دەنرخێنین.
مایەی شانازییە لە هەرێمی کوردستاندا دەیان دەزگای رۆژنامهوانى و میدیایى بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە کەشێکی ئازاددا کار دەکەن. رۆژنامهنووسانى کوردستان لە رێگەی پێڕەوکردنی میتۆدێکی دروستی پیشەییانە و مەدەنیانەی متمانەدار و دوورکەوتنەوە لە هەر کردە و رەفتارێك زیان بە شکۆ و ناوبانگی میدیای کوردی و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگا بگەیەنێت، دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئەم ئازادییەی کە مافی خۆیانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەرۆشی رەخساندنی کەشێکی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ کاری رۆژنامهوانى بەپێی پرەنسیپەکانی ئازادیی بیروڕا. لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی وەک دەسەڵاتی چوارەم بە میدیا ڕەوا بینراوە، هاوکات چاوەڕوانیشی لە دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان ههیه وێڕای رۆڵی کاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، رۆڵێکی کاریگەر لە هاوکاریکردنی دەزگا حکوومییەکان بگێڕن لە میانەی چاودێریکردن و بەدواداچوونی کار و پڕۆژە جیاجیاکانەوە و ببنە پردى نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام رەخسێنراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنیانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییهكانى بێت.
لەم یادەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامهنووس و میدیاکارانەی کوردستان دەنێرین کە لە بەرەکانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەپێناو گەیاندنی زانیاری و راستیدا گیانیان بەخشی، لەگەڵ رێز و پێزانینمان بۆ سەرجەم ئەو دەزگا میدییانەی لەو ئەرکە نیشتیمانیەدا رۆڵی خۆیان بینیوە. بەرز و پیرۆز بێت رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) لەسەر دەستی رهوانشاد مامۆستا (میقداد مەدحەت بەدرخان).
ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان
22/4/2018