هه‌سه‌ده‌ به‌هاتنی ھێزی عه‌ره‌بی بۆ باكووری سووریا خۆشحاڵه‌

شێرزاد ئێزدی: هاتنی هێزی عه‌ره‌بی ده‌بێته‌ قه‌ڵغانی به‌رده‌م خواسته‌ داگیركارییه‌كانی توركیا

K24 - هه‌ولێر:

نوێنه‌رێكی پێشووی خۆسه‌رییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌ڵێت: "پێشوازی له‌ هاتنی هێزی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ باكووری سووریا ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا لێدوانه‌كانی كرده‌ بڕیار و هێزه‌كانی له‌ سووریا كشانده‌وه‌".

شێرزاد ئیزدی، ن،ێنه‌ری پێشووی خۆسه‌رییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان به‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی RT گوتووه‌: "فه‌رمانداری گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی پێشوازی له‌ هاتنی هێزی سه‌ربازی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ باكووری سووریا ده‌كات و هه‌سه‌ده‌ خۆی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ھێزانه‌ ئاماده‌ ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشدا".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "فیدراڵی باكووری سووریا دژی بوونی هێزی وڵاتانی عه‌ره‌بی نییه‌، به‌ڵكو ده‌بنه‌ قه‌ڵغانێك له‌ به‌رده‌م خواسته‌ داگیركارییه‌كانی توركیا كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر باكووری سووریا و عیراقدا بگرێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ر چه‌نده‌ هێشتا بڕیاری ناردنی هێزی عه‌ره‌بی بۆ سووریا ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاردرا ئه‌وه‌ رۆڵی ونبووی جیهانی عه‌ره‌بی له‌ سووریا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشووی خۆسه‌رییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌ڵێت: "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا لۆژیكی نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سووریا رووده‌دات وه‌ك جه‌نگی سێیه‌می جیهانیی وایه‌ و جه‌نگێكی ساردی نوێیه‌. چونكه‌ ململانێكانی ناوخۆی سووریا وایكردووه‌ ئه‌سته‌م بێت هێزه‌ گه‌وره‌كان له‌و دۆسێ ئاڵۆزه‌ بكشێنه‌وه‌ و پێده‌چێت قسه‌كانی تره‌مپ له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌نها بۆ تاقیكردنه‌وه‌ بێت".

چه‌ند جارێك دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا كردووه‌و ئه‌گه‌ری جێگرتنه‌وه‌ی هێزی وڵاتانی عه‌ره‌بییش به‌دوور نازانرێت.