سووریا بۆردوومان دەكرێتەوە

ژمارەیەك چەكداری ئێران كوژراون

K24 - ھەولێر

چەند پێگەیەکی سەربازی لە دەوروبەری شارەکانی حەما و حەلەب لە سووریا بە مووشەك بۆردوومان کران و بەهۆیانەوە دەیان چەکدار و سەربازی ئێرانی و سووری کوژراون.

تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەند پێگەیەکی سەربازی لە دەوروبەری شارەکانی حەما و حەلەب بە مووشەکی دووژمن بۆردوومان کراون" بێ ئەوەی ئاماژە بەو وڵات و لایەنە بکات کە ئەو شوێنانەی بۆردوومانکردووە.

لەوبارەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرای كرد: "بۆردوومانەکە ناوچەی بارەگای لیوای 48 لە دەوروبەری حەما گرتووەوە، کە چەکدارانی سەر بە ئێران هاوشانی هێزەکانی سووریا لەو دوو ناوچەیە جێگیر کراون".

ھەر بە گوێرەی روانگەی سووری: "26 چەكداری میلیشیای ھاوپەیمانەكانی رژێمی سووریا كوژراون، ھەروەھا ژمارەیەك چەكداری ئێران كوژران".

پێشتر لە 14/4/2018 ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا زیاتر له‌ 100 مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ و دامه‌زراوی سه‌ربازی و تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی چه‌كی كیمیایی له‌ دیمه‌شق و حمس كرد و به‌ چڕی بۆردوومانیان كرد، ئەمەش لەبەرامبەر بەكارھێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی سووریا له‌ شارۆچكه‌ی دووما له‌ ناوچه‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵاتی دیمەشق.

ھ.م