كیم میلی كاتژمێر ده‌باته پێشه‌وه
"نیازپاكی و هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئاشته‌واییه"
K24 - هه‌ولێر:
كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور، رۆژی دووشه‌ممه 30/4/2018 وه‌ك ده‌رخستنی نیازپاكی له پاش كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور رایگه‌یاند: "كات له وڵات‌دا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌و میلی كاتژمێر له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌یدا وه‌ك یه‌كی لێهاتووه‌و 30 خوله‌ك كات ده‌برێته پێشه‌وه تا وه‌ك ئه‌و كاته ناوخۆییه بێت كه كۆریای باشوور پشتی پێ ده‌به‌ستێت".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ناوه‌ندیی كۆریای باكوور، له ساڵی 2015ـه‌وه تا ئه‌مڕۆ كات له هه‌ر دوو كۆریادا وه‌ك یه‌ك نه‌بووه، ئه‌وكاته له‌ناكاو كۆریای باكوور رایگه‌یاند كه كاتژمێر له كۆریای باكوور 30 خوله‌ك ده‌گه‌ڕێنرێته دواوه".
پیۆنگ یانگ روونیكرده‌وه كه بڕیاره‌كه به‌هۆی ئه‌وه‌وه دراوه تا سنوور بۆ ئه‌و كاته دابنرێت كه ئیمپراتۆرییه‌تی ژاپۆنی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك دیاری كردبوو. هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی ئاهه‌نگگێڕانی 70 ساڵه‌ی رزگاركردنی كۆریا له ده‌ست ژاپۆن راگه‌یه‌نرا. به‌ڵام كیم جۆنگ ئون پاش دیداره مێژووییه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریای باشوور بڕیاریدا كات له وڵاته‌كه‌یدا وه‌ك دراوسێكه‌ی لێبكاته‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكوور له‌لایه‌ن ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌یه‌وه وه‌ك نیازپاكی و هه‌نگاوی كرده‌یی یه‌كه‌می ئاشته‌وایی و یه‌كگرتوویی نیشتمانی له قه‌ڵه‌مدراوه.