نه‌خۆشیێكی مه‌ترسیدار دوو هاوسه‌ری جیابووه‌وه‌ی سه‌رووی 60 ساڵی به‌یه‌ك شاد ده‌كاته‌وه
"ئه‌و رۆژانه‌م به‌بیرهاته‌وه كه به‌ر له چه‌ندین ساڵ نه‌شته‌رگه‌ری سییه‌كانم بۆ كرابوو و هاوسه‌ره‌كه‌م گرنگی زۆری پێ ده‌دام"
K24- هه‌ولێر:
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی حوڕییه‌تی توركی بڵایوكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هاووڵاتیێكی ته‌مه‌ن 60 ساڵی تورك، به‌ناوی تۆران كۆسا زانیویه‌تی كه هاوسه‌ره كۆنه‌كه‌ی، "نه‌باهه‌ت كۆسا"ی 64 ساڵان تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بووه و له نه‌خۆشخانه له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه، گه‌ڕایه‌وه لای هاوسه‌ره‌كه‌ی دووباره گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵی ئیمزاكرد.
تۆران كۆسا به رۆژنامه‌ی حوڕییه‌تی راگه‌یاند: "ئه‌و رۆژانه‌م به‌بیرهاته‌وه، كه به‌ر له چه‌ندین ساڵ نه‌شته‌رگه‌ری سییه‌كانم بۆ كرابوو و هاوسه‌ره‌كه‌م گرنگی زۆری پێ ده‌دام، هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژه جوانانه هاتنه‌وه یادم كه به‌یه‌كه‌وه به‌سه‌رمان بردبوو، بۆیه بڕیارمدا سه‌ردانی بكه‌م و له‌نه‌خۆشخانه گرنگی پێ بده‌م، هه‌ر له نه‌خۆشخانه‌ش بڕیارمدا دووباره هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵیدا بكه‌م".
هه‌روه‌ها گوتی: "ناتوانم بۆ هیچ كه‌سێكی دیكه جێی بهێڵم و گرنگی زۆری پێده‌ده‌م، ئه‌وه‌ی له‌توانامدا بێت درێغی ناكه‌م و ده‌ستی ده‌گرم، هه‌تا ئه‌گه‌ر بزانم ته‌واوی ژیانی له نه‌خۆشخانه به‌سه‌رده‌بات".
رجل تركي بعد أن علم بمرض طليقته بالسرطان عاد وتزوج منهاhttps://t.co/tunelM8lMB pic.twitter.com/9ufiRsQyJX
— ترك برس (@TurkPressMedia) April 30, 2018
له به‌رامبه‌ریشدا، نه‌باهه‌ت كۆسا گوتی: "بڕیارماندا دووباره هاوسه‌رگیری بكه‌ین، له نه‌خۆشخانه دێمه ده‌ره‌وه بۆئه‌وه‌ی ژیانێكی خۆش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م به‌سه‌ر ببه‌م، من زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی كه دووباره گه‌ڕامه‌وه بۆ هاوبه‌شی ژیانی خۆم و هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵدا كرد، ئه‌و پیاوێكی به‌سۆز و راستگۆ و خۆشه‌ویسته".
رۆژنامه‌كه بڵاویشیكرده‌وه، رێوڕه‌سمی هاوسه‌رگیری خانه‌واده‌ی كۆسا به ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه و ژماره‌یه‌ك پزیشك و موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان له نه‌خۆشخانه به‌ڕێوه‌چوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تۆران كۆسای زاوا جلی سپی بووكێنی بۆ نهباههتی بووك هێنایه نه‌خۆشخانه و قژێكی ده‌ستكردیش له‌سه‌ر سه‌ری نه‌باهه‌ت دانا، بۆئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و قژه راسته‌قینه‌یه بگرێته‌وه، كه به‌هۆی چاره‌سه‌ری كیمیایی هه‌ڵوه‌ریبوو و، كێكی هاوسه‌رگیرییان له نه‌خۆشخانه قاش كرد.
H.B
