هێزه‌ر نوێرت: له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ دواين ناوچه‌ى ژێر ده‌ستى داعش رزگار ده‌كه‌ين

پشتيوانى له‌ هاوبه‌شه‌كانمان ده‌كه‌ين و دواين رۆژه‌كانى داعش له‌ سووريا نزيك بووه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تى ئه‌مريكا رايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كه‌يان (هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات) هه‌وڵى رزگاركردنى دوايين ناوچه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش له‌ سووريا ده‌ده‌ن.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، (هێزه‌ر نوێرت) رايگه‌ياند، "ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى دواين مۆڵگه‌ى داعش له‌ سووريا ده‌كه‌ن".

گوتيشى: "شه‌ڕى ئه‌مجاره‌ سه‌خته‌، به‌ڵام باڵاده‌ستى بۆ ئێمه‌ و هاوبه‌شه‌كانمان ده‌بێت و ئێمه‌ و هاوپه‌يمانى دژى داعش، پشتيوانى له‌ هاوبه‌شه‌كانمان ده‌كه‌ين و دواين رۆژه‌كانى داعش له‌ سووريا نزيك بووه‌ته‌وه‌".

ناوێرت ئه‌وه‌شى گوت: "ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌رده‌ن، لوبنان، ئيسرائيل و توركيا كار ده‌كات بۆ پاراستنى سنووره‌كانيان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ئه‌وه‌شى گوت: "ئه‌مريكا پابه‌نده‌ به‌ هێنانه‌دى چاره‌سه‌رى سياسى له‌گه‌ڵ ره‌چاو كردنى ئيراده‌ى سوورييه‌كان, به‌ عه‌ره‌ب، كورد، مه‌سيحى و كه‌مينه‌كانى ديكه‌".

ئ.ر