داعش لە گوڵاڵە ھێرشی كردە سەر ھێزەكانی عێراق

ژمارەیەك سەربازی عێراق كوژراون

K24 - گەرمیان

شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە دەروازەی ناحییەی گوڵاڵە (جەلەولا) ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی عێراق، بە گوێرەی زانیارییەكان ژمارەیەك سەرباز و پۆلیسی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوونە.

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە دەروازەی گوڵاڵە ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی عێراق و بارەگایەكی سوپای عێراق سوتاند".

بەگوێرەی زانیارییەكان پەیامنێرمان: "لەو ھێرشەی چەكدارانی داعش دوو سەربازی سوپای عێراق كوژراون و 7 دیكەشیان برینداربوونە و بۆ چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی جەلەولا".

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژ لەمەوبەر چەكدارانی داعش لە ھەمان سنوور ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی عێراق.

ھەرچەندە پێشتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەناوچوونی داعشی لە وڵاتەكەی راگەیاندبوو، بەڵام پاش ئەوە چەكدارانی داعش چەندین ھێرشیان كردووەتە سەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.

ھ.م