رووسیا: ئه‌مه‌ریكا ئامانجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سووریایه‌

لێدوانی به‌رپرسانی واشنتن له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانیان یه‌ك ناگرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌وڵدان بۆ دابه‌شكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سووریا تۆمه‌تبار ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چالاكییه‌كانی له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌رده‌وامه‌.

وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم بڵاویكرده‌وه‌، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، بۆ گۆڤاری "پانۆراما"ی ئیتاڵی گوتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆشكی سپی به‌ فه‌رمی رایانگه‌یاندووه‌ ئامانجی سه‌ره‌كییان ده‌ركردنی تیرۆریستانه‌ له‌و وڵاته‌ (سووریا)، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌مه‌ریكا ئێستا له‌ رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "به‌داخه‌وه‌ به‌رده‌وام دووچاری ئه‌و كێشانه‌ ده‌بینه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیا و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو له‌ ته‌واوی دۆسیه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌ش هه‌روایه‌ و لێدوانی به‌رپرسانی واشنتن له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانییان یه‌ك ناگرێته‌وه‌".

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌ نیازن هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانییان له‌ سووریا بكشێننه‌وه‌، به‌ڵام دواتر كۆشكی سپی و پنتاگۆن رایانگه‌یاند، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی له‌ سووریا، سه‌ربازه‌كانییان له‌و وڵاته‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

ا. م

Fly Erbil Advertisment