ھەولێر و بەغدا لەسەر چەند پرسێك لە گفتوگۆدان
لەسەر چەند پرسێك لێك تێگەیشتن لەنێوان ھەردوولادا ھەیە
K24 - ھەولێر
سەبارەت بە پرسە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كۆمەڵێك مەلەف ھەن كە ھێشتا ماوە ھەردوولا لەسەری رێكبكەون، وەك پرسی ماددەی 140 و پێشمەرگە و نەوت، گفتوگۆكردن لەسەر ئەو مەلەفانەش لەگەڵ حكوومەتی داھاتووی عێراق دەكرێت.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەرچەندە تائێستا رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان ھەولێر و بەغدا نەكراوە، بەڵام دانووستان و دانیشتنی جیدی ھەیە و لێك تێگەیشتن لەنێوان ھەردوولادا ھەیە، ئەوەش وایكرد بەشێك لە كێشەكانی نێوانمان چارەسەر بكرێن، وەك كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و ناردنی بڕێك پارەی مانگانە لە بەغداوە بۆ ھەولێر".
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان: "ھێشتا چەند مەلفی گرنگ ماوە كە ھەولێر و بەغدا لەسەری رێكبكەون، لەوانە پرسی نەوت و پێشمەرگە و ماددەی 140 و كۆمەڵێك مەلەفی دیكەش، كە دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق ھەوڵەكانی كورد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان چڕ دەكاتەوە".
ھ.م