زەوییە بێ تاپۆكانی ھەولێر تاپۆ دەكرێن

مامەڵەی چەند كەرتێك دەستیپكردووە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی نووسراوێك كە واژووی سەرۆكی شارەوانی ھەولێری بەسەرەوەیە و وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئاماژە بەوەكراوە كە دەستكراوە بە مامەڵەی تاپۆكردنی ئەو زەویانەی سنووری شارەوانی ھەولێر كە تائێستا تاپۆیان نییە.

لە نووسراوەكەی شارەوانی ھەولێر ھاتووە: "كەرتی كەرك و پیرزین كە بریتییە لە 12 ھەزار كارتی ئەو زەویانەی تاپۆیان نییە، گشت كارەكانی تەواو بووە رەوانەی تێبینەرایەتی تۆمارگەی خانووبەرەی عەنكاوە كراوە، ئێستا وەك قۆناخی یەكەم بەشی كەرك كرداری ئامادەكردنی وێنەی تۆماری بۆ دەكرێت كە نزیكەی شەش ھەزار كارتە، دوای مانگێك وێنەی تۆمارەكان دەگەڕێنەوە سەرۆكایەتی شارەوانیمان و ھاووڵاتیان دەتوانن بۆ گۆڕینی كارتەكانیان بۆ وێنەی تۆمار سەردانمان بكەن".

لە بەشێكی دیكەی ئەو نووسراوەی شارەوانی ھەولێر ئاماژە بەوەكراوە: "ھەر یەك لە كەرتی 14ی كونە گورگ كە ھەزار و 200 كارتە و كەرتی تۆپزاوە و كە بریتیە لە 800 كارت و كەرتی باغمرە شەھاب كە 22 كارتە كارەكانیان تەواو بووە".

سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: "تەواوی كرداری بەناوكردنی ئەو زەویانە دەكەونە سنووری نەخشەی كەرتیە كە بەناوی سەرۆكایەتی شارەوانیمان تۆماركراوە، لەبەر ئەوە ژمارەی كارتەكان زۆرە، بۆیە بڕیارمانداوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ تێبینەرایەتی تۆمارگەی خانووبەرەی دەشتی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی تۆمارگەی خانووبەرەی دووەمی ھەولێر، بەشێوەی بەش بەش كرداری یەكبوون و جیاكردنەوەی بۆ دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە وەك بەشی یەكەم نزیكەی 6 ھەزار كارت وەرگیراوە و كاری لەسەر دەكەین و دوای دوو مانگ وێنەی تۆمارەكان دەگەڕێنەوە سەرۆكایەتی شارەوانیمان و ھاووڵاتیان دەتوانن بۆ گۆڕینی كارتەكانیان بۆ وێنەی تۆمار".

دەقی نووسراوی سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر
دەقی نووسراوی سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر
دەقی نووسراوی سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر
دەقی نووسراوی سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر